یاریگا –
هاندەرانی هەولێر و دهۆک هاوکاری دارایی بۆ چارەسەرکردنی هاندەرێکی نەورۆز کۆدەکەنەوە، کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ بارین دەکەن.
هاندەرانی دهۆک لە یاریی ئەمڕۆی یانەکەیان سندوقێک بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ هاوکاریکردنی بارین هاندەرەکەی نەورۆز دادەنێن، هاندەران لە دەرەوەی یاریگای دهۆک لە یاریی بەرامبەر کەرخ سندوقێکیان داناوە، بۆ ئەوەی هاوکاریی دارایی بۆ بارین یاسین هاندەرەکەی نەورۆز کۆبکەنەوە، کە نەخۆشییەکی بەریشاڵبوونی سییەکانی هەیە و پێویستی بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات.
هاندەرانی هەولێریش بڕیاریان داوە، لە یاریی سبەی بەرامبەر نەفتی بەسرە سندوقێک بۆ کۆکردنەوەی پارە لە یاریگای فڕانسۆ هەریری دابنێن، بۆ ئەوەی هاوکاریی دارایی بۆ هاندەرە ژیکەڵانەکەی نەورۆز کۆبکەنەوە، تاوەکو بتوانێت بەبێ ئۆکسجین بژی و لە یاریگای یانەی نەورۆز ئامادە بێت.
بارین یاسین منداڵێکی 7 ساڵانە، نەخۆشیی بەریشاڵبوونی سییەکانی هەیە، زیاتر لە 3 ساڵە هاندەری یانەی نەورۆز و لەناو یاریگاوە هانی یانەکەی دەدات، بارین لەبەر نەخۆشییەکەی نابێت ئۆکسجینی لێ بکرێتەوە، باوکی بارین لەبارەی نەخۆشی کوڕەکەی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند: لە هیندستان و ئەڵمانیا پێیان گوتووم چارەسەری نەخۆشییەکەی بارین هەیە، داوا دەکەم هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانم بارین ببەمە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵات و لەو خۆشییە رزگاری بکەم’.