یاریگا –
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستی بە رێکارەکانی کرد بۆ ئەوەی وڵاتینامەی عێراقی بە پیتەر گورگیس بدرێت.
ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق پێشوازیی لە باوکی پیتەر گورگیس کرد بۆ ئەوەی وڵاتینامە بە یاریزانەکەی دهۆک بدرێت و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت، کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
لەسەر داوای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق فەرمانی کردووە وڵاتینامە بەو یاریزانەی دهۆک بدرێت.
خیسوس کاساس ماوەیەکی زۆرە چاودێری پیتەر گورگیس ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک دەکات و دەیەوێت ئەو ناوەڕاستکارە 24 ساڵانە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکات، بەبایبەتی بۆ شوێنگرتنەوەی زیدان ئیقبال ناوەڕاستکاری ئوترێختی هۆڵەندی.
باوکی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، لە رێگای چوونی بۆ بەغدا دەڵێت :’دوای 34 ساڵ یەکەمجارمە سەردانی بەغدا دەکەم، سوپاسی هەموو لایەک دەکەم هاوکارمانن بۆ ئەوەی پیتەر وڵاتینامەی عێراقی پێبدرێت، پیتەر پێش ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆک بکات، چەندان ئۆفەری لە یانەی دیکەی دەرەوەی عێراق بۆ هات، بەڵام ئەو گوتی بابە من دەمەوێت بگەڕێمەوە عێراق و لەوێ یاریی بکەم’.
گۆرگیس (4ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2000 لە ئوستڕاڵیا لەدایکبووە و لە هەڵبژاردەی ژێر 20 ساڵانی سوید چوار یاریی و گۆڵێکی کردووە، پێشتر لە ریزی یانەکانی دیگێرفۆرس و مالمۆی سویدی و برایتنی ئینگلیزی یاریی کردووە، لە بۆرسەی یاریزانان ئێستا نرخەکەی 225 هەزار یۆرۆیە.