یاریزانێکی ئاکرێ لە ڕۆژی واژۆکردنی گرێبەستەکەی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار دەکات
یاریگا –
پێش دەسپێکی یاریی نێوان ئاکرێ و هەندرێن لە جامی سوپەری کوردستان، یاریزانێکی ئاکرێ گرێبەستەکەی واژۆ دەکات و گۆڵی سەرکەوتنیش تۆمار دەکات.
رەفیق ئەمینۆ یاریزانی هێرشبەری غانی پێش دەسپێکی یاریی نێوان ئاکرێ و هەندرێن لە جامی سوپەری کوردستان گرێبەستی لەگەڵ ئاکرێ واژۆکرد، لە گێمی دووەمدا کاتێک ئەنجامی یاریی 1 _ 1 بوو ئەمینۆ هاتە نێو یاریگا و لە خولەکی 87 گۆڵی دووەمی ئاکرێی تۆمار کرد و یانەکەش بووە پاڵەوانی جامی سوپەری کوردستان، یاریزانە غانیەکە تەنها 30 خولەک پێش یارییەکە گرێبەستی لەگەڵ ئاکرێ واژۆکردبوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا ئەمینۆ تەنها دوو رۆژە گەیشتۆتە ئاکرێ و بەڵام کارگێڕی ئاکرێ واژۆکردنی گرێبەستەکەی وەک سوپرایزێک بۆ هاندەرانی بۆ رۆژی یاریی جامی سوپەری کوردستان دواخستبوو.
وەرزی رابردوو رەفیق ئەمینۆ هێرشبەری غانی لە یانەی کارەبا یاریی کردووە و لە یەک قۆناخی خولی ئەستێرەکانی عێراق حەفت گۆڵ و پێنج ئەسیستی کردووە لەگەڵ تیپەکە، بۆ ئەم وەرزەش بە فەرمی لە خولی نایابی کوردستان بۆ ئاکرێ یاریی دەکات.