هەموو شتێک یەکلاییبووەوە؛ وردەکاری دەستنیشانکردنی ئامۆریم وەکو راهێنەری مانچێستەر یونایتد
رۆژنامەی تێلێگراف وادەی دەستبەکاربوونی ئاشکرا دەکات
یاریگا –
پێشبینی دەکرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە مانچێستەر یونایتد و سپۆڕتینگ لیسبۆن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دەستنیشانکردنی روبن ئامۆریم، وەکو جێگرەوەی ئێریک تێن هاخ.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان مانچێستەر یونایتد و سپۆڕتینگ لیسبۆن، ئامۆریم بۆ ماوەی سێ یاریی داهاتووش، سەرپەرشتی یانە پۆرتوگالییەکە دەکات، دواتر بە فەرمی کارەکانی لە مان یونایتد دەستپێدەکات.
بەمشێوەیە، پێشبینی دەکرێت، ئامۆریم یەکەم یاریی فەرمی خۆی لەگەڵ مان یونایتد لە بەرامبەر ئیپسویچ تاون لە 34ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەم بکات.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد ئامادەیە بڕی 12 ملیۆن یۆرۆ وەکو قەرەبوو بە یانە پۆرتوگالییەکە بدات، ئەمەش دوو ملیۆن پاوەند زیاترە لە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئامۆریم، کە تەنیا 10 ملیۆن پاوەندە.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان ئامۆریم و سپۆڕتینگ، دەبێ 30 رۆژ بەر لە جێهێشتنی یانەکە، دەستەی کارگێڕی ئاگاداربکاتەوە، بۆیە پێدەچێت دوو ملیۆن پاوەندە زیادەکە، وەکو قەرەبوو هەژمار بکرێت.
ئامۆریم ستافی راهێنەرایەتی خۆی دەباتە مان یونایتد، ستافەکە لە پێنج کەس پێکهاتوون؛ کارلۆس فێرناندێس، یاریدەدەری یەکەم، ئادێلیۆ کاندیدۆ و ئیمانوێل فێرۆ، یاریدەدەرەکانی دیکەی ئامۆریمن و خۆرخێ ڤیتاڵ، راهێنەری گۆڵپارێزانە و پاولۆ بارێیرا دەبێتە راهێنەری جەستەیی.
لەلایەکی دیکەوە، رود ڤان نیستێلڕۆی، راهێنەری کاتی مانچێستەر یونایتد لە دوای دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاخ، بڕیاری کۆتایی خۆیدا.
مان یونایتد لە قۆناخی هەشتی جامی کاراباو 5-2 لە لێستەر سیتی بردەوە و لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی تۆتنهام دەبێتەوە، کە ئەویش لە مانچێستەر سیتی بردەوە.
نیستێلڕۆی لە دوای یارییەکە روونیکردەوە
بۆ یارمەتیدانی مانچێستەر یونایتد لێرەم، دەمەوێت بە هەموو شێوەیەک خزمەتی یانەکە بکەم. تاوەکو پێویست بێت، یارمەتی دەدەم، لە داهاتووشدا لە هەر پۆستێکدابم، ئامادەم کار بکەم.
مانچێستەر یونایتد یانەیەکی گەورەیە، خاوەن هاندەر و مێژووێکی دێرینە.
نیستێلڕۆی بۆ یارییەکانی بەرامبەر چێڵسی (پرێمەرلیگ)، پاوک سالۆنیک (یۆرۆپالیگ) و لێستەر سیتی (پرێمەرلیگ) راهێنەرایەتی مان یونایتد دەکات.