یاریگا –
مەروان حوسێن هێرشبەری نەورۆز باسی گرینگی گۆڵەکەی دەکات کە بەرامبەر تەڵەبە تۆماریکرد.
لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز دووەم سەرکەوتنی لە سەر یەکی لە نێو یاریگای خۆی بە دەستهێنا و توانی بە ئەنجامی 1 _ 0 لە تەڵەبە بباتەوە، تاکە گۆڵەکەی نەورۆز مەروان حوسێن هێرشبەری نەورۆز تۆماریکرد.
مەروان دوای تۆمارکردنی گۆڵەکە ئاهەنگی نەگێرا بە هۆی ئەوەی لە پێشووتر بۆ ماوەی چەند وەرزێک بۆ تەڵەبە یاریی کردووە، خاوەن گۆڵی نەورۆز دوای تەواو بوونی یارییەکە گوتی:
ئێمە رۆژانە لە مەشقەکانمان توانایەکی زۆر بەکار دەهێنین بۆ ئەوەی بتوانین هەمان کار بکەینەوە لە نێو یاریگادا، تیپەکەی ئێمە وەک خێزانێکمان لێهاتووە، ئەو گۆڵەی ئەمڕۆ بەرامبەر تەڵەبە تۆمارم کرد یەکێک لە گرینگترین گۆڵەکانم بوو.
جۆرڤان ڤێیرا راهێنەری نەورۆز دوای سەرکەوتنیان لە یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر تەڵەبە دەڵێت سێ خاڵی زۆر گرینگمان بە دەستهێنا چونکە ئەوان تیپێکی باش و خاوەن راهێنەرێکی زیرەکن، راهێنەرەکەی نەورۆز زیاتر گوتی:
گێمی دووەم رێکخستنی تیپەکەمان کەمێک تێکچوو دەبێ هەوڵدەین دووبارە نەبێتەوە، هێلی بەرگریمان ئاستێکی باشیان نیشاندا و توانیان هێرشبەرانی تیپی بەرامبەر بوەستێنن، تەڵەبە تیپێکی باشە و خاوەن راهێنەرێکی زیرەکن ئەوەش وایکرد ئێمە بە زەحمەت سێ خاڵی یارییەکە بە دەستبهێنین.
یاریگا تازەکەی نەورۆز بۆتە خێر و بەرەکەت بۆ تیپەکە کە تیایدا دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا، سور پۆشەکانی سلیمانی بەم سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانیان گەیاندە هەشت خاڵ و لە ریزبەندی شەشەم دێن، تەڵەبە کە یەکەم شکستی بوو لە خولەکە بە حەفت خاڵ لە ریزبەندی 11ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.