لە باڵۆن دۆری 2024 ستەم لە ڤینیسیۆس کرا؟ بەڕێوەبەری نووسینی فڕانس فوتبۆڵ وەڵام دەداتەوە
لە دوایین کاتژمێرەکان ریال مەدرید داوای چییان کردووە؟
یاریگا –
بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ رەتیدەکاتەوە هیچ فێڵێک و نادادپەروەرییەک لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ هەبوو بێت و وەڵامی گومانەکانی ریال مەدریدیش دەداتەوە.
ڤینسێنت گارسیا، بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ لەبارەی گومانەکانی ریال مەدرید لە دادپەروەری و خاوێنی دەنگدانی باڵۆن دۆری ئەمسال دەڵێت :’ئێمە لەگەڵ ریال مەدرید و تەواوی یانەکانی دیکە زۆر راشکاو و روون و ئاشکرا بووین، ئەمساڵ پێشوەختە ناوی براوەی باڵۆن دۆرمان ئاشکرا نەکرد، پێشتر بە هەمووانمان گوتبوو براوەی باڵۆن دۆر لە ئەنجامەکان ئاگادار ناکرێتەوە، هەمووان کۆک و رازی بوون، نازانم بۆچی لە دوایین ساتەکان دەیانویست یاساکان بگۆڕن، نازانم بۆچی ریال مەدرید لە کۆتاییدا بڕیارەکەیان گۆڕی’.
هەروەها بەڕێوەبەری نووسینی فڕانس فوتبۆڵ دەشڵێت :’لەلایەن ریال مەدریدەوە فشارێکی زۆرم لەسەر دروستکرا، بەڵام من هەمیشە راستگۆ و روون و رەوان بووم لەگەڵ سەرجەم یانەکان، لەوانەیە هێندە بێدەنگ بووبم بۆیە ئەوان گەیشتبنە دوایین قۆناخ، ئامادە نەبوونیان بۆ من زۆر چاوەڕواننەکراو بوو’.
بەرپرسەکەی گۆڤارە فەڕەنسییەکە لەبارەی هۆکاری بێبەشبوونی ڤینی لە باڵۆن دۆری ئەمساڵ دەڵێت :’بەهۆی بوونی بێڵینگهام و کارڤاخال لە پێنج پلەکەی پێشەوەی ریزبەندیی کاریگەری لەسەر ڤینیسیۆس هەبوو، چونکە لە رووی هەژماردن و بیرکارییەوە چەند خاڵێکی لە ڤینی برد’.
دەشڵێت :’ئەمە دەرخەر و کۆکراوەی وەرزی رابردووی ریال مەدرید، سێ بۆ چوار یاریزان رۆڵی سەرەکییان هەبوو، لێژنەی دەنگدان و هەڵسەنگاندنیش دەنگەکانی لە نێوانیان دابەشکرد، بۆیە رۆدری سوودی لەمە بینی و خاڵی زیاتری کۆکردەوە’.