ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید و ڤینیسیۆس لە 24 کاتژمێردا؛ چۆن هەواڵەکەیان پێگەیشت و یەکەم کاردانەوەی ڤینی چیبوو؟

راپۆرتێکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەسەر دوا 24 کاتژمێری نێو یانە شاهانەکە

Yariga App

یاریگا –

کەمتر لە 24 کاتژمێر بەسەر یاریی ئێل کلاسیکۆ تێپەڕی و ریال مەدرید، گورزێکی گەورەی پێکەوت، کاتێک ڤینیسیۆس جونیۆر لە خەڵاتی باڵۆن دۆر بێبەشکرا.

ریال مەدرید و ڤینی بە تایبەتی، ئامادەکارییەکی زۆرییان بۆ ساتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە کردبوو، بەڵام پێنج کاتژمێر بەر لە ئاشکراکردنی براوەی باڵۆن دۆر، هەموو شتێک هەڵوەشایەوە و تەنانەت ریال مەدرید رێگری لە ئەندامەکانی کرد، ئامادەی رێوڕەسمەکەی پاریس بن.

رۆدری بەبردنەوەی پرێمەرلیگ لەگەڵ مانچێستەر سیتی و یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، خەڵاتی باڵۆژ دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان وەرگرت.

ئەنجامەکان ئاشکرابوون؛ رۆژنامەنووسی کامە وڵات دەنگیان بە ڤینیسیۆس جونیۆر نەداوە؟

لە مەدرید پێشبینی ئەمە نەکرابوو

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، هەوڵی زۆر بۆ پاراستنی ناسنامەی براوەکان درابوو، تەنانەت چاوپێکەوتن و فۆتۆشووتەکان بۆ دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان دواخرابوون.

تەواوی بۆچوونەکان بەو ئاڕاستەیەبوون کە ڤینیسیۆس جونیۆر دەبێتە براوەی باڵۆن دۆر، هەرچەندە هیچ شتێکی فەرمی لە نێوان فرانس فووتبۆڵ، رێکخەرانی خەڵاتەکە و ریال مەدرید رووی نەدابوو.

نیوەڕۆی دووشەممە، ڤینیسیۆس ئاگادارکرایەوە کە خەڵاتی باڵۆن دۆر ناباتەوە. ئەم هەواڵە شۆکی لە نێو ریال مەدرید دروستکرد و سەرەتا ڤینیسیۆس بڕوای بەو هەواڵەکە نەکرد.

بڕیاربوو ریال مەدرید بە شاندێکی 50 کەسی گەشتی پاریس بکات. یاریزانەکان کەسانی نزیک لە خۆیان، ستافی کارگێڕی بانگهێشتکرابوون، تەنانەت ڤینیسیۆس چەندین میوانی لە بەڕازیلەوە بانگهێشتکردبوو، چونکە پلانی ئاهەنگگێڕانیان تاوەکو بەیانی داڕشتبوو.

تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای نایکی، سپۆنسەری سەرەکی وەرزشی ڤینیسیۆس، لاپچینێکی نوێ و تایبەتی بۆ ئاهەنگگێڕان بە باڵۆن دۆر ئامادەکردبوو. جیا لەمە بۆنەیەکی گەورە لە مەدرید رێکخرابوو، تاوەکو کەسانی نزیک لە ڤینیسیۆس و ئینفلوێنسەرەکان (کەسانی کاریگەری سۆشیاڵ میدیا) ئامادەی بن.

چوار کاتژمێر دوای پێگەیشتنی هەواڵی لەدەستدانی باڵۆن دۆر، گرژییەکی زۆر لە نێو ریال مەدرید روویدا و لە کۆتاییدا، دەستەی کارگێڕی یانە مەدریدییەکە، گەشتی پاریسی بە تەواوی هەڵوەشاندەوە.

بەرپرسانی ریال مەدرید نەیانویست، بە دەموچاوی خەمگینەوە بچنە پاریس، چونکە هۆکاری سەرەکی ئامادەبوونیان، بردنەوەی باڵۆن دۆر بوو لەلایەن ڤینیسیۆسەوە. ریال مەدرید لە بابەتێکی دیکە زۆر پەست ببوو، بەرپرسانی کارگێڕی گلەیی نەبوونی پەیوەندی دروست لە نێوان فرانس فووتبۆڵ و یانەکە دەکەن.

سەرەڕای تووڕەیی لەڕادەبەدەر لە ریال مەدرید، کەچی ڤینیسیۆس بە هەڵوێستی یانەکە بە رەتکردنەوەی ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکەی پاریس حەسایەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، وردە وردە هاوتیمەکانی پەیامی دڵنەواییان بۆ ڤینی نارد.

بیروبۆچوونەکان لەبارەی ئامادەنەبوونی ئەندامانی ریال مەدرید لە پاریس جیاوازبوون. لویس دێلا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە دوای رێوڕەسمەکە بە MovieStarی راگەیاند

ئامادەنەبوونی ریال مەدرید بۆ تۆپی پێ باش نییە، چونکە ریال خاوەنی ژمارەیەکی زۆری هاندەرە و گرنگە لە رێوڕەسمی لەمجۆرە ئامادەبێت.

لەلایەکی دیکەوە لویس فیگۆ لەبارەی رووداوەکە دەڵێت

سورپرایز بووم. چونکە لەگەڵ کەسێکی نێو ریال مەدرید قسەم کرد و پێیان گوتم کاتژمێر 13:30 لە پاریس دەبن، کەچی لەپڕ گەیشتمە هۆتێل و بەم هەواڵە سورپرایز بووم.

کەناڵ و پلاتفۆڕمەکانی ریال مەدرید لە ساتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکان، فیلمێکی دۆکیومێنتاری پەخش کردبوو، هەروەها لە سۆشیاڵ میدیا بە یەک وشەش باسی خەڵاتەکانی نەکرد، تەنانەت باسی ئەو خەڵاتانەشی نەکرد، کە بەدەستی هێنابوون.

کاتژمێر پێنجی ئێوارە، ریال مەدرید لە شکستهێنانی ڤینیسیۆس لە بردنەوەی باڵۆن دۆر پشتڕاستکرایەوە، هەر زوو رۆژنامەی ئاسی نزیک لە یانەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ریال مەدرید بڵاویکردەوە

ئەگەر خەڵاتەکە پێوەری هەبێت، دەبێ ڤینیسیۆس براوە بێت، ئەگەر هەمان پێوەرەکانی رۆدری بێت، دەبێ دانی کارڤاخال ببێتە باشترین یاریزان. شتەکە روونە ئەمە بابەتەکە نییە، بەڵکو یوێفا و رێکخەرانی باڵۆن دۆر رێز لە ریال مەدرید ناگرن، ریال مەدریدیش لە شوێنێک نابێت کە رێزی نەگیرێت.

تۆڕی ئاتلێتیک دووپاتیدەکاتەوە، هیچ بەرپرس و یاریزانێکی مانچێستەر سیتی یانەی ریال مەدریدی لە براوەی باڵۆن دۆر ئاگادار نەکردووەتەوە، پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکان باسکرا.

کلارێنس سیدۆرف، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید لەسەر فەرشی سووری رێوڕەسمەکەی پاریس بە کەناڵی TNT Sportsی گوت

پێم وایە کێشە لە نێوان ریال مەدرید و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر چەند بابەتێک دەبێت. ڤینیسیۆس جونیۆر ئەو یاریزانەیە کە شایەنی خەڵاتەکەیە، بەڕاستی شەرمەزارییە.

ئەنجامەکان ئاشکرابوون؛ رۆژنامەنووسی کامە وڵات دەنگیان بە ڤینیسیۆس جونیۆر نەداوە؟

بە تێپەڕبوونی کات، بەرپرسانی ریال مەدرید داوایان لە تەواوی ئەندامانی یانەکە کرد، بێدەنگ بن و هیچ لێدوانێک بۆ میدیاکان نەدەن. کاتژمێر 9:30ی شەو، مەک مانیێرینیۆ، گۆرانیبێژ و هاوڕێیەکی نزیکی ڤینیسیۆس یەکەم کاردانەوەی بڵاوکردەوە

دەست نەگەیشتن بەم خەڵاتە، تەنیا بیرکردنەوەی ئەو کەسانە پیشان دەدات، کە لە ئامادەبوونی ئێمە دەترسن.

 

View this post on Instagram

 

A post shared by MC MANEIRINHO (@mcmaneirinho)

پرسیارێکی سەرەکی لای هاندەرانی ریال مەدرید و ڤینیسیۆس دروستبووە، باشە چیدیکە پێویستە ڤینی بیکات، تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت؟

ڤینیسیۆس چامپیۆنزلیگی بردەوە، بەشداری لە 11 گۆڵی لە 10 یاریدا کرد، ڤینی لالیگای بردەوە، بەشداری لە 21 گۆڵی لە 26 یاریدا کرد. ئەستێرە بەڕازیلییەکە جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە و هاتریکی لە بارسێلۆنا کرد.

باشە چیدیکە هەیە تاوەکو بتوانێت خەڵاتەکە بباتەوە؟

ئەنجامەکان ئاشکرابوون؛ رۆژنامەنووسی کامە وڵات دەنگیان بە ڤینیسیۆس جونیۆر نەداوە؟

بابەتی زیاتر

Back to top button