ئیتاڵیاگرنگترین

ئینتەر و یۆڤی شەوێکی ئەفسووناوییان لە مێژووی خۆیاندا نووسیەوە

Yariga App

یاریگا –

هەفتەی نۆیەمی خولی ئیتاڵی رووداوێکی مێژوویی تێدابوو بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئینتەر میلان و یوڤێنتوس لە یاریی لووتکەی خولەکەدا.

یاریگای جۆزێپی میاتزای تایبەت بە ئینتەر کۆکەرەی نێوان نێرازۆری و خانمە پیرەکەبوو کە هەریەکەیان بە 4 گۆڵ تۆڕی یەکتریان بەسەرکردەوە.

لەو کەرنەڤاڵی گۆڵەدا، خاوەن ماڵ لە خولەکی 15 بە لێدانی سزا دەستپێشخەریانکرد و یۆڤی بە دوو گۆڵ وەڵامی دانەوە. پاشان ئینتەر 3 گۆڵی دیکەی کردەوە و یارییەکە تا خولەکی71 لە بەرژەوەندی یانەکەی شاری میلانۆ بوو. لەوێدا کەنان یەڵدزی تورکی قسەیکرد و ئەنجامەکەی نزیکردەوە و دواتر لە خولەکی 82 سەرکەوتنەکەی لە رکابەرەکەیان تێکدا و بە یەکی خاڵێ بۆ هەردوولا لە یارییەکە هاتنەدەرەوە.

میدیا ئیتاڵییەکان ئەوەیان وەک رووداوێکی پێشتر تۆمارنەکراو لە مێژووی هەردوو زلهێزەکە وەسفکرد. بەجۆرێک، بەپێی داتاکانی پێگەی ترانسفێرمارکت، لە 239 رووبەڕووبوونەوەی فەرمی نێوانیان، هیچ جارێک بەو ئەنجامە یەکسان نەبوونە.

بۆ زانین، یوڤێنتوس باڵادەستە لە رکابەرێتی نێوانیان، کە توانیویەتی 109 جار براوەبێت. لە بەرامبەردا ئینتەر 70 بردنەوەی هەیە بەسەر یانەکەی شاری توریندا و 60 جاریش یەکسانبوونە.

بە ئەنجامەکەی ئەمشەو، یانەکەی سیمۆنی ئینزاگی بە 18 خاڵ لە پلەی دووەم مایەوە. یانەکەی تیاگۆ مۆتاش بە 17 خاڵ پلەی سێیەمە و هێشتا لەم وەرزەی سێریائەی تامی شکستی نەکردووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button