ئیسپانیاگرنگترین

كۆندێ باس لە رووبەڕووبوونەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر دەكات

Yariga App

یاریگا –

ژووڵ كۆندێ، بەرگریكاری فەڕەنسی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی باس لە رووبەڕووبوونەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەكات.

وابڕیارە سبەی شەممە كاتژمێر 22:00 بەكاتی كوردستان ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بارسێلۆنا بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 11 لالیگای ئیسپانیا.


لە لێدوانێكیدا بۆ SportyTV كۆندێ دەربارەی جیاوازی چاڤی هێرناندێز و هانزی فلیک گوتی:

پێموایە ئێستا ئێمە بە شێوازێكی چڕتر یاریی دەكەین.

هەندێک لێكچوون هەیە، وەک یاریكردن بە هێڵی بەرگری پێشكەوتوو، ئەمساڵ ئێمە بە شێوەیەكی زیاتر بەو شێوازە یاریی دەكەین.

راهێنەر فەلسەفەیەكی روونی هەیە، گرنگ نییە بەرامبەر كێ یاریی دەكەین، هەمیشە بە هەمان شێوە یاریی دەكەین، ئەو دەزانێت چی دەوێت و تیمەكەش باش لەوە تێدەگات.

ریمۆنتاداكەی ریال مەدرید بەرامبەر دۆرتموند فشارەكانی لەسەر ئێوە زیاتر كردووە؟

نەخێر، بەوشێوە پڕ چێژترە، یارییەكەمان بینی و بینیمان چی روویدا، ئەوە ئەوەیە كە ریال مەدرید دەیكات، ئەو تیپێكە دەزانێت چۆن بردنەوە بەدەستبهێنێت.

پێم وایە ئەمە گەورەترین مەترسی ریال مەدریدە لەم وەرزانەی دواییدا هەندێک جار یارییەکی باش دەکات و هەندێک جار نا، بەڵام هەمیشە ڕێگایەک بۆ بردنەوە دەدۆزێتەوە. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین و دەزانین یارییەکی قورس دەبێت.

كلاسیكۆ؟

كلاسیكۆ یەكێكە لە گەورەترین یارییەكان، رەنگە گەورەترین یاری جیهان بێت، بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە دەچین.

پێش رووبەرووبوونەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، هەست بە جۆرێک ترس دەكەیت؟

نەخێر، نەخێر، هیچ جۆرە ترسێک بە هیچ جۆرێک نییە.

بێگومان ئەو پاڵێوراوێكی دیارە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر و یەكیكە لە باشترین یاریزانەكان، بۆ من ئەوە ئاڵنگارییە.

ئەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی یاریی تۆپی پێ بكەم، حەزدەكەم بەرامبەر باشترینەكان یاریی بكەم.

ڤینیسیۆس گەورەترین هەڕەشە دەبێت، بەڵام یاریزانی دیكەشیان هەیە، تیمێكی پڕ لە ئەستێرەن، هەر یاریزانێكیان بە تەنیا دەتوانێت یارییەكە یەكلاییبكاتەوە.

ڤینیسیۆس یاریزانێك نییە بە تەنیا بتوانیت بۆ ماوەی 90 خولەك بیوەستێنیت، ئەو ناوەستێندرێت و بێگومان پێوویستیم بە یارمەتی دەبێت، ئەوە شتێكی ئاساییە چونكە لە كۆتاییدا تۆپی پێ یارییەكی بە كۆمەڵە.

بارسێلۆنا بە كۆكردنەوەی 27خاڵ و ریال مەدریدیش بە 24 خاڵ پلەی یەكەم و دووەمی لالیگایان گرتووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button