راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین

پریڤیوی یاری؛ دهۆک لە یەکەم یاریی جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو میوانداریی ئەهلی سەنعا دەکات

پێکهاتەی پێشبینیکراو، هەواڵ و پێشهاتەکانی یارییەکە

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو دهۆک لە یەکەمین یاریی جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو میوانداریی ئەهلی سەنعای یەمەنی دەکات، کە یەکەمجارە یانەیەکی عێراقی بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکات.

ئەمشەو کاتژمێر 08:00 دهۆک لە یاریگای دهۆک لە کۆمەڵەی یەکەمی جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو میوانداریی ئەهلی سەنعا دەکات، کە دەستەیەکی ناوبژیوانی قەتەڕی بە سەرکردایەتی محەمەد شەمەری یارییەکە بەڕێوە دەبەن.

May be an image of 3 people and text

یاریزان و راهێنەری دهۆک پێش یارییەکە چی دەڵێن؟

مەسعود میرال راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە گوتی :’هیچ یاریزانێکمان پێکانی نییە و تەواوی یاریزانەکانمان بۆ یارییەکە ئامادەن، ئێمە زانیارییەکی زۆرمان لەبارەی تیپی بەرامبەر نییە، بەڵام دەزانین لە خولی وڵاتەکەیان خاوەنی چەندان نازناون’.

هەروەها گوتیشی :’ئەم دوو هەفتەیە وەستانی یاریی و خولەکان بۆ ئێمە زۆر بەسوود بوو، ئامادەکاریی تەواومان بۆ یارییەکە کردووە و پلانێکی تایبەتمان داناوە، ئەم یارییە باشترین دەرفەتە بۆ من بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە راهێنەرایەتی دهۆک بکەم’.

هاروون ئەحمەد، یاریزانی دهۆک لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت :’لەوانەیە میدیاکان بڕوایان وابێت ئەم یارییە ئاسانە، بەڵام من بڕوام وایە یارییەکەمان زەحمەتە و پێویستە وشیار بین، پێویستە سەرنجی تەواومان لەسەر یارییەکە بێت چونکە یەکەم یاریمانە لە یاریگای خۆمان و بردنەوەمان لەم یارییە زۆر گرنگ دەبێت’.

خشتەی یارییەکانی دهۆک لە جامی یانەکانی کەنداو
خشتەی یارییەکانی دهۆک لە جامی یانەکانی کەنداو

پێکهاتەی پێشبینیکراوی دهۆک بۆ یارییەکە

گۆڵپارێز: محەمەد ساڵح

بەرگری: سیابەند عەگید، لۆکاس مۆزیس، ئارتین مازێس، بەیار ئەبوبەکر

ناوەڕاست: رۆبن ئاکوا، هاروون ئەحمەد، پیتەر گۆرگیس

هێرشبەر: زولفەقار یونس، یانیک زاکری، کەریم دەروێش

ئەهلی سەنعا زیاتر لە 8 مانگە هیچ یارییەکی نەکردووە

ئەهلی سەنعا کە بووە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی یانەکانی یەمەن، زیاتر لە 8 مانگە هیچ یارییەکی فەرمی نەکردووە، یانەکە تەنیا چوار یاری دۆستانە و ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەوەی خۆی بۆ جامی یانەکانی کەنداو ئامادە کردووە.

رۆژی 11ـی فێبرایەری ئەمساڵ ئەهلی سەنعا دوایین یاریی فەرمی خۆی کردووە کە لە یاریی کۆتایی خولی یانە پلە یەکەکانی یەمەن 2-0 لە تەزامن حزرەموتی بردەوە.

مێژووی جامی یانەکانی کەنداو؛ هەرگیز یانەکانی عێراق بەشدارییان نەکردووە

جامی یانەکانی کەنداو تایبەتە بە وڵاتانی کەنداو کە ژمارەیان هەشت وڵاتە، لەوەتەی ساڵی 1981 ئەم پاڵەوانێتییە رێکدەخرا، بەڵام تاوەکو ساڵی 2015 بەڕێوە دەچوو، لەوکاتەوە نۆ ساڵە پاڵەوانێتییەکە نەکراوە کە تاوەکو ئێستا 30 وەشانی لێ بەڕێوەچووە.

یانەکانی ئەهلی و ئیتیفاقی سعوودی و شەبابی ئیماراتی خاوەنی زۆرترین نازناون لە مێژووی پاڵەوانێتییەک، هەریەکەیان سێ جار جامەکەیان بەدەستهێناوە.

پێشتر هەرگیز یانەکانی عێراق بەشداریی جامی یانەکانی کەنداویان نەکردووە، یەکەمجارە یانەیەکی عێراقی بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

ئەنجامی تیروپشکی جامی یانەکانی کەنداو

بابەتی زیاتر

Back to top button