ئینگلتەراگرنگترین

بن سەلمان بە واتسئاپ سەرپەرشتی کڕینەوەی نیوکاسڵ یونایتدی کردووە

رۆژنامەی تێلێگراف کۆمەڵێک نامەی دزەپێکراو بڵاودەکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

میدیاکانی بەریتانیا سەرنجی تەواوی خۆیان لەسەر دزەپێکردنی نامەکانی واتسئاپی هاوخاوەنی پێشووی نیوکاسڵ یونایتد داناوە.

رۆژنامەی تێلێگراف راپۆرتێکی فراوانی لەسەر تێوەگلانی حکومەتی بەریتانیا و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە لە کڕینی نیوکاسڵ یونایتد بڵاوکردووەتەوە.

ئاماندا ستاڤیلی، کۆمەڵێک نامە لە واتسئاپی خاوەنی پێشووی نیوکاسڵ یونایتد دزەی پێکراوە. لە نامەکاندا تێوەگلانی راستەوخۆی محەمەد بن سەلمان لە پڕۆسەی کڕینەوەی یانەکە لە ساڵی 2021 دووپاتکراوەتەوە.

ستاڤیلی لە یۆلیۆ/تەمووزی رابردوو دوای فرۆشتنی پشکەکانی لە یانەکە، دەست لەکارکێشانەوەی لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی نیوکاسڵ راگەیاند. ستاڤیلی نێوەندگیری سەرەکی فرۆشتنی یانەکە بە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە بوو.

رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە نامە دزەپێکراوەکان دووپاتیکردووەتەوە، محەمەد بن سەلمان دوا بڕیارەکانی لەبارەی کڕینەوەی یانەی نیوکاسڵ دەدات و خۆی پاڵنەری سەرەکی کڕینەوەی یانەکە بوو.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەکە تێوەگلانی حکوومەتی بەریتانیا لە پڕۆسەی کڕینەوەی یانەکە روونکردووەتەوە و سعوودیە دڵنیایی لەبەرامبەر کڕینەوەی یانەکە بە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا دابوو.

لە نامەیەکی دزەپێکراوی خاوەنی پێشووی یانەکەدا هاتووە ”جێنشینی سعوودیە خەریکە ئارامی نامێنێت و دەبێ پەلە بکەین”.

ستاڤیلی بۆ خێراکردنی پڕۆسەی فرۆشتنی یانەکە، پەیوەندی بەردەومی لەگەڵ باڵیۆزی سعوودیە لە لەندەن هەبووە. لە 6ی ئاب/ئۆگەستی ساڵی 2020دا، باڵیۆزی سعوودیە نامەیەکی بۆ ستاڤیلی ناردووە و پێی گوتووە؛ ئەم بەیانییە قسەم لەگەڵ جێنشین کردووە، وەکو ئاماژەیەک بۆ بەردەوام گفتوگۆکان.

لە نیسان/ئەپریلی ساڵی 2021دا، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی کڕینی یانەکە، بەمشێوەیە وەڵامی پەرلەمانی دایەوە

حکوومەتەکەم بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە گفتوگۆکانی فرۆشتنی یانەی نیوکاسڵ یونایتد نەکردووە.

بەگوێرەی نامە دزەپێکراوەکان بێت، ستاڤیلی لەگەڵ وەزیری وەبەرهێنانی بەریتانیا بەردەوام لە گفتوگۆکادا بووە و بە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی نیوکاسڵی راگەیاندووە، لە پشتی پەردەوە کار لەسەر سەرخستنی پڕۆسەی فرۆشتنی یانەکە دەکەن.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە فرۆشتنی یانەکە بە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە، نیگەرانی لای کۆمەڵەی خولی ئینگلیزی نایاب (پرێمەرلیگ) دروستکرد. بەرپرسانی باڵای پرێمەرلیگ ترسیان لە کۆنتڕۆڵکردنی یانەکە لەلایەن حکوومەتی سعوودیە هەبوو.

رۆژنامەکە لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، محەمەد بن سەلمان زۆر بە تۆپی پێ سەرسامە و دەیەوێت هاوشێوەی تەمیم بن حەمەد، میری قەتەڕ لە رێگەی وەرزشەوە، وێنەی وڵاتەکەی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوای باشتر بکات. تایبەت بەهۆی خراپی تۆماری سعوودیە لە پێشێلکردنی مافی خانمان.

دوای پابەندکردنی سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە لەڕووی یاساییەوە، پرێمەرلیگ رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نیوکاسڵ یونایتد بە سندووقەکەی سعوودیەدا، بەوەی یانەکە بە هەموو شێوەیەک لە دەوڵەتی سعوودیە دووردەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button