ئیسپانیا

هۆکاری بڕیارەکەی فلیک لەبارەی بێرناڵ ئاشکرا بوو

Yariga App

یاریگا –

دوای پێکانەکەی مارک بێرناڵ، بەڕێوەبەرانی بارسا دەیانویست یاریزانێک بۆ شوێنگرەوەی ئەستێرەکەیان بگوازنەوە، بەڵام هانسی فلیک رێگری لەو بڕیارە کرد.

چەند مانگێک لەمەوبەر بارسێلۆنا گواستنەوەی یاریزانێکی ئاست بەرزی هێڵی ناوەڕاستی بە ئامانجی سەرەکی دەزانی. بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە، دیکۆ ئاماژەی بەوەکرد کە، یاریزانی ناوەڕاستی زۆرمان هەیە، بەڵام هیچیان خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە جەستەیی و بەرگرییە نین کە بتوانن هاوسەنگی یارییەکان بپارێزن، بەتایبەتی لە رکابەرییەکانی ئەوروپادا. هەوڵیدا ئۆنانا لە ئەستۆن ڤێلا و میکێل مێرینۆ لە سۆسیداد بکڕێت، بەڵام بە هۆی کێشەی دارایی یانەکە لە گواستنەوەیان سەرکەوتوو نەبوو.

مارک بێرناڵ لە بەستەری ئەژنۆیدا تووشی پێکان بوو و ئەم وەرزە بۆ ئەو کۆتایی هات، یانەکەش چانسی ئەوەی نەبوو لە رۆژانی کۆتاییدا جێگرەوەیەک لە شوێنی ئەو دابنێت. دواتر بڕیاردرا لە گواستنەوەی زستانەدا شوێنگرەوەیەکی بۆ بهێنن بەڵام فلیک بە ئاشکرا رێگری لەو بڕیارە کرد.

رۆژنامەی سپۆرت ئەمڕۆ لە دوایین بڵاوکراوەیدا ئاماژەی کردووە کە بارسێلۆنا بیرۆکەی گواستنەوەی یاریزانێکی بەرگریکاری ناوەڕاستی بۆ بەهێزکردنی تیپەکە بەهۆی پێکانەکەی مارک بێرناڵەوە راگرتووە، بەڵام بە چ هۆکارێک؟

یەکەم، چونکە مارک کاسادۆ توانی لە شوێنی بێرناڵ ئاستێکی باش پێشکەش بکات و فلیک یاریزانانی ناو تیپەکەی دەناسێت و دەبینێت کە دەتوانێت تا گەڕانەوەی بێرناڵ بەکاریان بهێنێت. راهێنەرە ئەڵمانییەکە پێی وایە خەرجکردنی پارە بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی نوێی بێمانایە.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە پێی وایە، گواستنەوەی یاریزانێکی لەو شێوەیە رەنگە پێشکەوتنی بێرناڵ بۆ چاکبوونەوەی دوابخات. ئەو هیچ رکابەرێکی گەورەی بۆ بێرناڵ ناوێت.

ئەو یاریزانە تەمەن 17 ساڵە یەکێکە لەو یاریزانانەی لاماسیا کە لەم وەرزەدا یەکەم یاری خۆی لە تیپی سەرەکی بە سەرپەرشتی هانسی فلیک ئەنجامداوە.

بێرناڵ یەکەم یاری خۆی بۆ  بارسێلۆنا لە مێستایا ئەنجامدا، بەڵام پێکانەکەی ئەو پێشکەوتنە چاوەڕوانکراوەی دواخست، چونکە پێویستە نزیکەی ساڵێک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.

بارسا دوو هەفتە لەمەوبەر گرێبەستەکەی بێرناڵی تاوەکوو ساڵی 2026 درێژکردەوە و بڕگەی ئازادکردنی بە بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ دیاریکرد و ئەگەری هەیە تا ساڵی 2029 درێژ بکرێتەوە. بڕگەی کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی پێشووی بێرناڵ تەنیا 20 ملیۆن یۆرۆ بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button