یاریگا –
هیوگۆ ڤیانا پۆرتوگالی دەبێتە بەڕێوبەری وەرزشی نوێی مانچێستەر سیتی.
ماڵپەڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، هەموو شتێک کۆتایی هاتووە، لە کۆتایی ئەم وەرزە هیوگۆ ڤیانای پۆرتوگالی و بەڕێوبەری وەرزشی سپۆرتینگی پۆرتوگالی دەبێتە شوێنگرەوەی تاکسیکی بێگیریستاین.
تاکسیکی بێگیریستاین لە مانگی ئابی ئەمساڵ مانچێستەر سیتی ئاگادارکردەوە، کە لە کۆتایی ئەم وەرزە دەست لە پۆستی بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە دەکێشێتەوە و ماڵئاوایی دەکات.
Manchester City are set to hire Sporting Lisbon’s Hugo Viana to replace the outgoing Txiki Begiristain as their new sporting director.
Viana’s arrival at #MCFC could be announced as early as next week.
More from @SamLee & @David_Ornstein
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) October 11, 2024
بێگیریستاین تاوەکو هاوینی 2010 بەڕێوبەری وەرزشی بارسێلۆنا بوو، لە هاوینی 2010 دوای رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا دەستی لەکارکێشایەوە و یانە کاتالۆنییەکەی جیهێشت.
لە ساڵی 2012 پۆستی بەڕێوبەری وەرزشی مانچێستەر سیتی وەرگرت، دوای شێخ مەنسوڕی خاوەن یانەکە کەسی دووەمە و دەسەڵاتی تەواوەتی پێدراوە، وەک یەکەم کاری گەورەیشی توانی گرێبەست لەگەڵ پێپ گواردیۆلا واژۆ بکات.
هەرچەندە هەوڵەکانی بلوو موون بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی پێپ گواردیۆلا دەستپێکردووە، بەڵام ترسیان لەوە هەیە دوای رۆیشتنی تاکسیکی، پێپش یانەکە جێبهێڵێت، چونکە پەیوەندی نێوان ئەو دووانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یاریکردنیان لە بارسێلۆنا.
سەردەمێکی نوێ
هیوگۆ ڤیانا لە وەرزی نوێوە دەبێتە کەسی دووەمی مانچێستەر سیتی، ناوبراو پێشتر یاریی بۆ یانەکانی سپۆرتینگ، نیوکاسڵ، ڤاڵێنسیا، ئۆساسونا، براگا و ئەهلی ئیماڕاتی و هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش کردووە.
لە هاوینی 2018 پۆستی بەڕێوبەری وەرزشی سپۆرتینگی پۆرتوگالی وەرگرتووە، بەخێرایی شوێنپەنجەی خۆی لە یانە پۆرتوگالییەکە جێهێشتووە، برونۆ فێرناندێز، مانوێل ئوگارتی و پێدرۆ پۆرۆ لەو یاریزانانە کە بە بڕە پارەیەکی کەم گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کردن و بە بڕە پارەیەکی زۆریش دەستبەرداریان بووە.
ڤیکتۆر گیۆکیریسی سویدی، مۆڕتن یولێمانی دانیمارکی و عوسمان دیۆماندێی کۆتدیڤواری سێ لە کاریگەرترین یاریزانەکانی ئێستای یانەکەن کە لەسەر دەستی هیوگۆ گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کراوە.
بۆیە مانچێستەر سیتی پڕۆفایلی بەڕێوبەرە پۆرتوگالییەکەی بەدڵە و متمانەیان پێیەتی بتوانێت هەمان سەرکەوتنەکانی تاکسیکی دووبارە بکاتەوە.