ئیسپانیاگرنگترین

ئایا ریال مەدرید لەبارەی پێکانی ئێمباپێ فێڵی لە فەڕەنسا کردووە؟

کیلیان بۆ یاریی ڤیاڕیال بانگهێشتکراوە

Yariga App

یاریگا –

دوای بانگهێشتکرانی ئێمباپێ بۆ یاریی ئەمشەو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا گومانی هەیە ریال مەدرید لەبارەی پێکانی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە فێڵی لێکردبن.

رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ گەرچی پێکانی هەیە و پێشتر بە دیدیێ دیشامپی گوتووە هێشتا نەگەڕاوتەوە دۆخی جارانی، کەچی بۆ یاریی یەمشەوی ریال مەدرید بەرامبەر ڤیاڕیال لە لالیگا بانگهێشت کراوە.

رۆژی پێنجشەممە دیدیێ دیشامپ راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا کاتێک لیستی یاریزانەکانی بۆ دوو یاریی داهاتووی فەڕەنسا لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا ئاشکراکرد، رایگەیاند هێشتا ئێمباپێ بە تەواوەتی ئامادە نییە و قسەی لەگەڵی کردووە، بە تەواوەتی چاکنەبووەتەوە و پێویستی بە پشوودانی زیاترە.

ئێمباپێ لە یاریی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر لیل لە چامپیۆنزلیگ نزیکەی 40 خولەک یاریی کرد، گەرچی دیشامپ رایگەیاندبوو نایەوێت سەرکێشی بە کیلیان بکات، کەچی کارلۆ ئەنچیلۆتی هێرشبەرە فەڕەنسییەکەی بۆ یاریی ئەمشەو بانگهێشت کردووە.

رۆژنامەی لیکیپ ئاشکرایکردووە، ئەگەر ئێمباپێ ئەمشەو بەرامبەر ڤیاڕیال یاریی بکات، ئەوا دەردەکەوێت ریال مەدرید فێڵی لە دیشام کردووە، کە لەوەتەی رۆژی 24ـی مانگی رابردوو کیلیان لە ماسوڵکەکانی رانی چەپی تووشی پێکان بووە و دەستەی پزیشکی ریال مەدرید و فەڕەنسا لەبارەی پێکانەکەی لە پەیوەندیدان.

لیکیپ راشیگەیاندووە، هەست دەکرێت لێکتێگەیشتنێکی تەواو لە نێوان دەستەی پزیشکی ریال مەدرید و فەڕەنسا نییە، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە ئێمباپێ بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت، کەچی دوای 8 رۆژ گەڕایەوە یاریگاکان.

کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی پێش یارییەکەی ڤیاڕیال دووپاتیکردەوە ‘ئێمباپێ هێشتا تەواو چاک نەبووەتەوە و ٪100 ئامادە نییە’، بەڵام ئەگەر ئەمشەو ئێمباپێ یاریی بکات، ئەوا گومانەکان لە فێڵکردنی مەدریدییەکان زیاتر دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button