یاریگا-
لەگەڵ یەکەم دۆڕان لەدوای 258 رۆژ، رەخنەی میدیا و رۆژنامەنوسەکان بۆ سەر ریاڵ مەدرید دەستی پێکرد، بەڵام تۆنی کروس جیاواز لەوان پشتگیری یاریزانەکانی ئەو یانەیە دەکات.
کروس لە نوێترین دیمانەیدا باس لە ئاستی ئێستای یانەی شاهانە دەکات و دەڵێت:
خەڵک هەمیشە وا نیشان دەدەن کە ڕیاڵ مەدرید هەموو یارییەکانی بە ئەنجامی 4-0 لەگەڵ من بردووەتەوە, بەڵام ئەوە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە.
راستە ئێستا شتەکان بە باشی دەرناکەون، بەڵام ئەوە ئاساییە، سەردەمێک لەگەڵ منیشدا بە بارودۆخی زۆر سەختدا تێپەڕیوین، نابێت ئەوە لە بیر بکرێت.
چوارشەممەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ ریاڵ مەدرید بەرامبەر لیل دووچاری یەکەم شکستی ئەم وەرزە بوویەوە.
تۆنی کروس ماوەی 10 وەرز یاری بۆ ریاڵ مەدرید کرد، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ راگەیاند.
کروس باس لە خۆشەویستی بۆ ریاڵ مەدرید دەکات و دەڵێت:
وەک هاندەرێک هیوادارم ریاڵ مەدرید لە هەموو یارییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنێت، زۆرجار دەبینم خەڵک باس لەوەدەکات کە نەبوونی من کاریگەری کردوەتە سەر یانەکە، ئەوە بۆ من خۆشە، بەڵام حەزناکەم گوێم لەوە بێت چونکە ئەو قسەیە بێ رێزییە بەرامبەر بەو یاریزانانەی کە ئێستا لە پێناو ریاڵ مەدریددا هەوڵ دەدەن.