هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی ریال مەدرید لەبارەی پێکانەکەی ئێمباپێ
سبەی دەست بە راهێنان دەکاتەوە
یاریگا –
ئێمباپێ بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و سبەی لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی ریال مەدرید دەست بە مەشق و راهێنان دەکاتەوە.
تۆڕی وەرزشی ئاتلەتیک ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی ریال مەدرید لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و دەست بە راهێنانەکانی دەکاتەوە، بۆ یاریی دووسبەی بەرامبەر لیلی فەڕەنسی لە چامپیۆنزلیگ بانگهێشت دەکرێت.
ئاتلەتیک راشیگەیاندووە، سبەی پشکنینی پزیشکی بۆ ئێمباپێ دەکرێت، ئەگەر دەستەی پزیشکی ریال مەدرید لە تەندروستییەکەی دڵنیاببنەوە ئەوا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکەن بە سەرەکی بەشداریی یارییەکەی لیل بکات، بەڵام ئەگەر تەواو ئامادە نەبێت لەسەر کورسی یەدەک دادەنیشێت و لە نیوەی دووەمی یارییەکەی چوارشەممە بەشداریی دەکات.
پێنج رۆژ لەمەوبەر ئێمباپێ لە یاریی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە لالیگا لە ماسوڵکەکانی قاچی چەپی تووشی پۆێکان بوو، سەرەتا پێشبینی دەکرا هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان داببڕێت، بەڵام لە وادەی خۆی زۆر زووتر گەڕایەوە، کە لەو یارییە ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە خولەکی 80 بەهۆی هەستکردن بە ئازار یاریگای جێهێشت و ئاردا گولەر چووە شوێنی.
رۆژی چوارشەممە ریال مەدرید لە گەڕی دووەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ کاتژمێر 22:00 لە فەڕەنسا دەبێتە میوانی لیل کە لە یاریی یەکەم مێرەنگی 3-1 لە شتوتگارتی ئەڵمانی بردەوە.