تۆڕی وەرزشی یاریگا مووچەی راهێنەرانی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بڵاو دەکاتەوە
سێ راهێنەری بیانی و راهێنەرێکی خۆماڵی راهێنەرایەتی یانەکانی کوردستان دەکەن
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا مووچەی راهێنەرانی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بڵاو دەکاتەوە، کە سێ راهێنەری بیانی و راهێنەرێکی خۆماڵین.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، سەمیر بابۆ (49 ساڵان) راهێنەری یانەی هەولێر لەنێو راهێنەری چوار یانەکەی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کەمترین مووچە وەردەگرێت، مانگانە 8 ملیۆن دینار مووچەکەیەتی کە دەکاتە 5 هەزار و 300 دۆلار.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، تەڵال بلوشی (38 ساڵان) راهێنەری قەتەڕی لە یانەی زاخۆ مانگانە 10 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە بۆ دووەم وەرز لەسەریەک راهێنەرایەتی سوور و سپی پۆشەکان دەکات، مەسعود مەڕال (36 ساڵ) راهێنەری سویدی مانگانە لە یانەی دهۆک 9 هەزار و 700 دۆلار مووچە وەردەگرێت، جۆرڤان ڤیێرا (71 ساڵان) راهێنەری بەڕازیلی کە ساڵی 2007 جامی ئاسیای لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەدەستهێنا لە یانەی نەورۆز مانگانە 12 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
سەمیر بابۆ و تەڵال بلوشی وەرزی رابردوو راهێنەرایەتی هەولێر و زاخۆیان دەکرد، بەڵام جۆرڤان ڤیێرا و مەسعود مەڕال ئەم هاوینە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکانی نەورۆز و دهۆکیان گرتووەتە ئەستۆ.