عێراقکوردستان

شێرکۆ کەریم: بۆ ماوەی هەفتەیەک کارمان لەسەر خاڵە لاوازەکانی دهۆک کرد

Yariga App

یاریگا –

شێرکۆ کەریم باس لە سەرکەوتنەکەی بەرامبەر دهۆک دەکات و دەڵێت ماوەی هەفتەیەکە کار لە سەر خاڵە لاوازەکانیان دەکەین.

لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 0 لە دهۆکی بردەوە و دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر ریزبەندی یەکەمی لە زەوڕا وەرگرتەوە، دوای تەواو بوونی یارییەکەش شێرکۆ کەریم ئەستێرەی هەولێر باسی لە چۆنیەتی سەرکەوتنەکەیانی کرد و گوتی:

پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە هاندەران و یاریزانان دەکەم بەختێکی باشتر بۆ دهۆک، ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد و شایستەی سەرکەوتن بووین، هۆکاری سەرکەوتنەکەمان بۆ پلانی راهێنەر دەگەڕێتەوە کە ماوەی هەفتەیەکە کار لە سەر خاڵە لاوازەکانی دهۆک دەکەین و توانیمان ئەرکەکانمان بە شێوەیەکی باش جێبەجێ بکەین، هەر چەندە خراپی یاریگاش کاریگەری لە سەر ئێمە هەبوو بەڵام بە هەوڵی دەستەی راهێنەران و یاریزانەکان توانیمان سێ خاڵەکە بە دەست بهێنین.

 

حوسێن کازم یاریدەدەری راهێنەری هەولێر کە پێش چەند رۆژێک لە یانەی تائی سعودیەوە پەیوەندی بە هەولێرەوە کرد لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە گوتی:

سوپاس بۆ یانەی دهۆک و پیرۆزە لە ئێمە ئەم سەرکەوتنە، ئەرکەکەمان زەحمەت بوو چونکە کلاسیکۆ بارودۆخی خۆی هەیە، دوای یارییەکەی دیالا کارمان لە سەر ئەم یارییە کرد بۆیە سێ خاڵەکە بە ماندووبوون و پلانەکانی خۆمان وەرمان گرتووە، لە داهاتووشدا ئامانجمان مانەوەیە لە ریزبەندی یەکەمی خولەکە.

سەرکەوتنەکەی دوێنێی هەولێر حەڤدەمین سەرکەوتن بوو بۆ هەولێر بەرامبەر دهۆک لە مێژوودا، هەولێر لە یاریی داهاتوودا میوانداری زەوڕا دەکات کە هەریەکەیان شەش خاڵیان هەیە، دهۆکیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەرووی نەجەف دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button