ئیتاڵیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

بۆچی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2027 لە سان سیرۆ ناکرێت؟

پلانی هەردوو یانەکە ناڕوونە

Yariga App

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ بڕیاریدا، جارێکی دیکە دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری میوانداریکردنی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2027 بکاتەوە.

بڕیاربوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2027 لە سان سیرۆ بکرێت، بەڵام یوێفا روونیکردووەتەوە، بەهۆی ناڕوونی پلانەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە، مافی میواندارییەکەی لێوەرگیراوەتەوە.

لە دوای راپۆرتێکی ئەنجوومەنی شارەوانی شاری میلانۆ، یوێفا بڕیاریدا سان سیرۆ لە پلانەکانی دووربخاتەوە، چونکە لە راپۆرتی ئەنجوومەنی شارەوانیدا هیچ دڵنیاییەک لە کاریگەرییەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە لەسەر دەوروبەری یاریگا و ژینگەکەی نەبوو.

پێشبینی دەکرێت لە مایس/ئادار یاخود یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی 2025، ناوی یاریگای میوانداری یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2027 ئاشکرا بکرێت.

لە یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی 2023، لیژنەی جێبەجێکاری یوێفا بڕیاریدا یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2026 لە یاریگای پوشکاش لە بوداپێست بکرێت و یاریی کۆتایی 2027یش لە سان سیرۆ، بەڵام بەهۆی ناڕوونی پلانەکانی نۆژەنکردنەوەی سان سیرۆ، بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.

یاریگای سان سیرۆ توانای لەخۆگرتنی 75 هەزار کەسی هەیە، لە ساڵی 1926 کرایەوە و لەوەتەی ساڵی 1947، یاریگای هاوبەشی میلان و ئینتەر میلانە.

پێشتر سان سیرۆ میوانداری یاریی کۆتایی یۆرۆی 1965 و 1970ی کردووە، هەروەها دووجار یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لە ساڵەکانی 2001 و 2016 لێکراوە.

یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە لە ئالیانز ئارێنا، میونشن بەڕێوەدەچێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەیسی میلان و ئینتەر میلان پلانەکانی شارەوانی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای سان سیرۆ/جیوزێپی میازا رەتکردەوە، بەڵام پێشنیازێکی نوێیان بۆ دروستکردنی یاریگایەکی هاوبەش لە هەمان شوێن خستەڕوو.

جیوزێپی سالا، سەرۆکی شارەوانی میلان ئەوکاتە رایگەیاند، میلان و ئینتەر میلان پلانەکانی نوێکردنەوەی تەواوەتی یاریگاکەیان رەتکردووەتەوە، بەڵام نیازی دروستکردنی یاریگایەکی نوێی هاوبەشییان هەیە.

سالا لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری هەردوو یانەکە روونیکردووەتەوە

هەردوو یانەکە هەڵسەنگاندنی قووڵییان بۆ بابەتی نوێکردنەوەی یاریگاکە کردووە، پێیان وایە بە تێچوویێکی کەم ناتوانن یاریگاکە نوێبکەنەوە. بەڵام هەردوو یانەکە بیرۆکەیەکی هاوبەشییان بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نوێ لە هەمان شوێن هەیە.

ئەیسی میلان و ئینتەر میلان دەیانەوێت یاریگایەکی نوێی مۆدێرن دروستبکەن، تاوەکو هاوتەریب لەگەڵ یانە گەورەکانی ئەوروپا سەرنجی هاندەران رابکێشن.

پاراستنی یاریگای سان سیرۆ و نوێکردنەوەی بە توندی لەلایەن شارەوانی میلان پاڵپشتیدەکرێت، سەرەتای ئەمساڵ بیرۆکەی دروستکردنی یاریگایەکی نوێ بۆ هەردوو یانەکە لە دەرەوەی شار لەئارادابوو، بەڵام یانەکان رەتیدەکەنەوە.

دروستکردنی یاریگایەکی نوێ لە شوێنی سان سیرۆ ئەستەمە، چونکە کۆمەڵێک یاسای توند لە ئیتاڵیا هەن، کە شوێنەواری دێرین و گرنگ دەپارێزێت.

دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی (رێد بێرد و ئۆکتری) خاوەنی پشکی زۆرینەی هەردوو یانەکەن. هەردوو کۆمپانیاکە خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ شارەوانی میلان، تاوەکو زەوییەکانی دەوروبەری یاریگاکە بکڕن و یاریگایەکی نوێی مۆدێرن دروست بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button