راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین

تیروپشکی جامی یانەکانی کەنداو راکێشرا، دهۆک لە کۆمەڵەی یەکەم یاریی دەکات

مانگێکی دیکە پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات

Yariga App

یاریگا –

لە دەوحە تیروپشکی جامی یانەکانی کەنداو راکێشرا، کە ئەم پاڵەوانێتییە لەوەتەی ساڵی 2015 راگیراوە و لە وەرزی نوێدا بۆیەکەمجار دهۆک وەکو نوێنەری یانەکانی عێراق بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

دهۆک لە کۆمەڵەی یەکەم وەکو سەرلیستی کۆمەڵەکە هاوشانی نەسڕی ئیماراتی و زوفاری عومانی و ئەهلی سەةحای یەمەنی یاریی دەکات، عەرەبی قەتەڕی، ئیتیفاقی سعوودی، ریفاعی بەحرەینی و قادسیەی کوەیتیش لە کۆمەڵەی دووەم یاریی دەکەن.

کۆمەڵەی یەکەم: دهۆک (عێراق)، نەسڕ (ئیمارات)، زەفار (عومان)، ئەهلی سەنعا (یەمەن).

کۆمەڵەی دووەم: عەرەبی (قەتەڕ)، ئیتیفاق (سعوودیە)، ریفاع (بەحرەین)، قادسیە (کوەیت).

ئەنجامی تیروپشکی جامی یانەکانی کەنداو
ئەنجامی تیروپشکی جامی یانەکانی کەنداو

سیستەمی نوێی جامی یانەکانی کەنداو چۆن دەبێت؟

جامی یانەکانی کەنداو بە بەشداریی 8 یانە بەڕێوە دەچێت، رۆژی 23ـی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری 2024 دەستپێدەکات و رۆژی 15ـی نیسان/ئەپرێلی 2025 یاریی کۆتایی دەکرێت.

یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن و هەر کۆمەڵەیەک لە چوار یانە پێکدێت، یارییەکان بە شێوازی چوون و گەڕانەوە لە نێوان یانەکان بەڕێوە دەچن، هەر یانەیەک لە قۆناخی کۆمەڵەکان شەش یاریی دەکات، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک دەگەنە قۆناخی پێش کۆتایی، پلەی یەکەمی کۆمەڵەیەک رووبەڕووی پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە دەبێتەوە.

یانەی دهۆک لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە یاریگای خۆی میوانداریی یارییەکان دەکات، پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو خەڵاتە داراییەکانی پاڵەوانێتییەکەی راگەیاندووە، کە پاڵەوانی جامی یانەکانی کەنداو سێ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنێت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتانی کەنداو رایگەیاندووە، هەر یانەیەک بەشداریی جامی یانەکانی کەنداو بکات 300 هەزار دۆلاری پێدەدرێت، هەر یانەیەک لە بەرامبەر ئەنجامدانی یارییەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی 30 هەزار دۆلاری پێدەدرێت و هەر یارییەکیش بباتەوە 30 هەزار دۆلاری دیکەی پێدەدرێت.

مێژووی جامی یانەکانی کەنداو؛ هەرگیز یانەکانی عێراق بەشدارییان نەکردووە

جامی یانەکانی کەنداو تایبەتە بە وڵاتانی کەنداو کە ژمارەیان هەشت وڵاتە، لەوەتەی ساڵی 1981 ئەم پاڵەوانێتییە رێکدەخرا، بەڵام تاوەکو ساڵی 2015 بەڕێوە دەچوو، لەوکاتەوە نۆ ساڵە پاڵەوانێتییەکە نەکراوە کە تاوەکو ئێستا 30 وەشانی لێ بەڕێوەچووە.

یانەکانی ئەهلی و ئیتیفاقی سعوودی و شەبابی ئیماراتی خاوەنی زۆرترین نازناون لە مێژووی پاڵەوانێتییەک، هەریەکەیان سێ جار جامەکەیان بەدەستهێناوە.

پێشتر هەرگیز یانەکانی عێراق بەشداریی جامی یانەکانی کەنداویان نەکردووە، یەکەمجارە یانەیەکی عێراقی بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button