راپۆرتی تایبەتگرنگترین

شەش نهێنی لەبارەی ژیانی باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

ئەو نهێنیانەی ژیانی رۆناڵدۆیان گۆڕی

Yariga App

یاریگا –

ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە بووەتە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، ژیانی منداڵی بەتەواوی پێچەوانەی ژیانە شاهانەییەکەی ئێستایەتی.

رۆناڵدۆ لە ساڵی 1985 لە خێزانێکی هەژار لە مادێرا لەدایکبووە، کریستیانۆ هەمیشە بە شانازییەوە باسی کردووە. بەڵام لایەنێکی کارەساتبار لە خێزانەکەی دۆن هەیە و ئەویش باوکە مەی خۆرەکەیەتی.

باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کێیە؟ لایەنە شاراوەکانی ژیانی چین و کاریگەرییە گەورەکانی لەسەر کوڕەکەی چین؟

سەربازێکی پێشوو

باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەربازێکی پێشوو بووە، لە جەنگی کۆڵۆنیاڵ بەشداری کردووە، کە پۆرتوگال دژی سەربەخۆیی ئەنگۆلا شەڕی دەکرد.

خۆسێ دینیس ئاڤێرۆ سەربازێکی دڵسۆز بووە، تاوەکو دواساتەکانی تەواوکردنی خزمەتی سەربازی لە بەرەی جەنگبووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆلای خێزانەکەی.

ئاڵودەبووی کحول

بەهۆی ئەو دیمەنە ترسناکانەی لە جەنگ و کاتی سەربازیدا بینیویەتی، ئاڤێرۆ بەتەواوی ئاڵودەی کحول و مەی خواردنەوە بووە. کە هەر بەو هۆیە گیانی لەدەستدا.

باوکی کریستیانۆ بەشێوەیەک ئاڵودەی مەی بووە کارگەیشتووەتە ئەوەی جارێک جلوبەرگ و کەلوپەلە وەرزشییەکانی کریستیانۆی بۆ کڕینی مەی فرۆشتووە.

بەڵام ئەمە نەبووەتە ئەوەی پشت لە خەونی کوڕەکەی بکات، هەمیشە لە مەیخانەکان بە دەنگێکی بەرز بە هاوڕێکانی گوتووە رۆژێک دێت کوڕەکەم دەبێت بە باشترین یاریزانی جیهان.

توندوتیژی خێزانی

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئێ ئێس پی ئێن باوکی کریستیانۆ بۆ منداڵەکانی کەسێکی زۆر بە بەزەیی بووە، زۆر خۆشیویستوون و هەرگیز لە منداڵەکانی نەداوە.

بەڵام بۆ ماریای هاوژینی وانەبووە، هەمیشە توندوتیژ بووە بەرامبەری و رۆژانە ئازاری جەستەیی هاوژینەکەی داوە.

هۆکاری سەرکەوتنەکانی رۆناڵدۆ

ئاڤێرۆ یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی کوڕەکەی، باوکی رۆناڵدۆ لە 2005 بەهۆی زۆر مەی خواردنەوە گورچیلەی لەکارکەوت و گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە پاڵنەرێک بۆ رۆناڵدۆ تاوەکو لە مەیخواردنەوە دوورکەوێتەوە.

کریستیانۆ بەهۆی ئەو رووداوە هەرگیز مەی نەخواردووەتەوە، پێگومان ئەو پابەندییە زۆرە بە دوورکەوتنەوە لە مەیخواردنەوە هۆکارێکی گرنگە بۆ سەکەوتنی کە کاروانی وەرزشیدا.

سوکایەتیکردن بە کریستیانۆ

دوای گەڕانەوە لە جەنگ، بەهۆی سەختی باری ئابووری وڵات، باوکی رۆناڵدۆ هیچ کارێکی باشی دەستنەدەکەوت، بەناچاری وەک کارگوزار لە تیپی ئەدرۆەینا لە شاری فونچال کاری خاوێنکردنەوەی ژووری جل گۆڕین و شووشتنی کەلوپەلی یاریزانەکانی دەکرد.

ئەوەی جێگەی داخە رۆناڵدۆ یاریزانێکی تیپەکەبوو، بەردەوام لەلایەن دەوروبەری گاڵتە بە پیشکەی باوکی دەکرا و سوکایەتی بە خۆی و باوکی دەکرا.

باوکی رۆناڵدۆ لە زاری کوڕەکەی

کریستیانۆ زۆر باسی باوکی نەکردووە، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی رابردووی لەگەڵ رۆژنامەنووس پرێس مۆرگن بۆ یەکەمجار گرتە ڤیدیۆیەکی باوکی دەبینێت کە باسی ئەو دەکات، رۆناڵدۆ لەگەڵ بینینی باوکی و گوێگرتن لە قسەکانی راستەوخۆ دەست بە گریان دەکات.

باوکی رۆناڵدۆ لە دیمەنەکەدا دەڵێت؛ شانازی بە کوڕەکەم دەکەم، ناتوانم لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2004 ئامادەبم، بەڵام دایکی هەمیشە وەک پاسەوان لەگەڵیدا دەبێت و ئاگاداری دەبێت.

کریستیانۆ دوای بینینی دیمەنەکە دەڵێت؛ هەندێکجار کاتێک کاتێک باسی باوکم دەکەم هیچ وشەیەکی گونجاو نادۆزمەوە بۆ ئەوەی بڵێم کەسێکی چۆن بووە، باوەڕپێنەکراوە یەکەمجارە ئەم ڤیدیۆیە دەبینم “بە گریانەوە”

باوکم بەردەوام سەرخۆش بوو، گفتوگۆیەکی ئاساییمان نەبوو ئەوەش بۆ من زۆر سەخت بوو، ئەو دەیزانی من دەبمە یاریزانێکی گەورە، بەڵام دڵتەنگم چونکە شایەدحاڵی دەستکەوتە گەورەکانم نەبوو، نابینێت کوڕەکەی بووە بە چ یاریزانێک و چی بەدەستهێناوە.


بابەتی زیاتر

Back to top button