ئیسپانیاگرنگترین

یاسای 1:1 چییە و بۆچی بارسێلۆنا دەیەوێت بەو یاسایە کار بکات؟

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا دەیەوێت لە رێگەی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای نایکی جارێکی دیکە بە یاسای 1:1 کار بکات.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا دەیەوێت لەماوەی 15 رۆژی داهاتوو لەگەڵ کۆمپانیای نایکی کێشەکانی چارەسەربکات و گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکە واژۆ بکات.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەفتەی داهاتوو گەشتی بارسێلۆنا دەکەن، چاو بە دوایین وردەکارییەکانی گرێبەستەکەدا دەخشێننەوە و کۆتایی بە کارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دەهێنن و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر دەکەن.

بۆچی پەیوەندیی نێوان بارسێلۆنا و نایکی تێکچوو؟

سەرەتا ئەمساڵ کۆمپانیای پوما بۆ کولوپەلی وەرزشی ئۆفەرێکی گرانبەهای پێشکەشی بارسێلۆنا کرد بۆ ئەوەی جێگای کۆمپانیای نایکی بگرێتەوە و ببێتە سپۆنسەری یانە کەتەلۆنییەکە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بە ئاشکرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گرێبەستەکەیان لەگەڵ نایکی هەڵدەوەشێننەوە.

دوای لێدوانەکانی لاپۆرتا، کۆمپانیا ئەمریکییەکە پەنای بردە بەر دادگا و کەیسەکەی لە بارسا بردەوە، ئێستا هەردوولا لە نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان نزیکن، کە لەوەتەی ساڵی 1998 نایکی سپۆنسەری بارسێلۆنایە.

بەگوێرەی گرێبەستە نوێیەکەیان بارسا ساڵانە 90 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و 150 ملیۆن یۆرۆش وەکو پاداشتی دارایی پێدەدرێت، کە سێ هێندەی جاران پارە لە نایکی وەردەگرێت. گرێبەستەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبێت و بەو هۆیەش دۆخی دارایی بارسێلۆنا هاوسەنگ دەبێتەوە و یانەکە لە یاسای دارایی خاوێنی لالیگا دەگەڕێتەوە سەر یاسای 1:1.

یاسای 1:1 چییە؟

بەگوێرەی یاسای 1:1 یانەکان لەبەرامبەر بەدەستهێنانی هەر یۆرۆیەک دەتوانن یۆرۆیەکی دیکە خەرج بکەن.

بەڵام بارسێلۆنا ئێستا بە یاسای 4:1 کار دەکات، کە لەبەرامبەر بەدەستهێنانی 4 یۆرۆ ئینجا بۆی هەیە یۆرۆیەک خەرج بکات.

یاسای 4:1 کێشەی گەورەی بۆ بارسێلۆنا دروستکردووە، چوونکە بۆ گواستنەوەی یاریزانێک پێویستی بە بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆرە و دەبێت چوار هێندەی یانەیەکی دیکە داهات کۆبکاتەوە.

بارسێلۆنا دەیەوێت لە رێگەی رێککەوتنە نوێیەکەی لەگەڵ کۆمپانای نایکی جارێکی دیکە دۆخی دارایی ئاسایی بکاتەوە و لە وەرزی نوێوە بتوانێت بە یاسای 1:1 کار بکات.

نایکی دەبێتە فریادڕەسی بارسێلۆنا؟ یانە کەتەلۆنییەکە تەنیا یەک درێسی هەیە بۆ یاریکردن

 

بابەتی زیاتر

Back to top button