ئیتاڵیائینگلتەراچامپیۆنزلیگگرنگترین

پریڤیوی یاریی میلان V لیڤەرپوول؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراوی گەورەکانی چامپیۆنزلیگ

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

دوو رکابەرە دێرینەکەی چامپیۆنزلیگ جارێکی دیکە بەیەک دەگەنەوە. میلان و لیڤەرپوول شریتی فۆڕماتی نوێی چامپیۆنزلیگ لە سان سیرۆ دەبڕن.

هەردوو یانەکە بە سەرپەرشتی راهێنەرانی نوێ بەشداری لە چامپیۆنزلیگ دەکەن، دۆخی هەردوو راهێنەرەکە بەدڵی هاندەران نییە و چاوییان لەزیاترە.

پڕۆفایڵی یاریی میلان و لیڤەرپوول / ئەپڵیکەیشنی یاریگا

لیڤەرپوول تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، دوو یاریی گەورەی دیکە بەرامبەر ریال مەدرید و بایەر لیڤەرکوزن دەکات. رێدز لەژێر سەرپەرشتی ئارنە سڵۆت، دەیەوێت جارێکی دیکە بگاتەوە نازناوە نازدارەکە.

جیا لە ریال و لیڤەرکوزن، لیڤەرپوول رووبەڕووی یانەکانی بۆڵۆنیا، لایپزیگ، جیڕۆنا، لیل و ئایندهۆڤن دەبێتەوە.

لەدوا پێنج یاریی لیڤەرپوول بەرامبەر ئیتاڵییەکان، چوار یاریی بردووەتەوەم بەڵام لە هەمووی قورستر، دۆڕانی یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆپالیگی وەرزی رابردووبوو، کاتێک بە ئاتاڵانتا دۆڕا.

لە پرێمەرلیگ، لیڤەرپوول سێ یاریی بە دوای یەک بردەوە، بەڵام دوا یاریی بەرامبەر نۆتینگهام فۆڕێست، بە ئەنجامی 1-0 لە ئانفیڵد دۆڕا و ئەمەش کاردانەوەی توندی لە نێو هاندەران لێکەوتەوە و گومان لەسەر سڵۆت دروستکرا.

یارییەکانی لیڤەرپوول لە قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ / ئەپڵیکەیشنی یاریگا

دۆخی ئەیسی میلان لە سێریای ئەی بەراورد بە لیڤەرپوول خراپە، لە کۆی چوار یاریدا، تەنیا پێنج خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی دەیەمدا دێت.

پاولۆ فۆنسێکا، راهێنەری پێشووی رۆما و لیل، تەنیا دوو خاڵی لە سێ یاریی یەکەمدا بەدەستهێنابوو، بەڵام شەممەی رابردوو لە سان سیرۆ 4-0 لە ڤێنێتسیای بردەوە و ورەی یاریزانانی بەرزکردەوە.

فۆنسێکا دووەم راهێنەری پۆرتوگالییە ئەرکی مەشقی یانەیەکی ئیتاڵی بگرێتە ئەستۆ، دوای جۆزێ مۆرینیۆ، کە پلانداڕێژەری بردنەوەی نازناوی 2009-10ی ئینتەر میلان بوو.

میلان جیا لە ریال مەدرید و لیڤەرکوزن، بەرامبەر یانەکانی جیڕۆنا، کڵەب برووج، دینامۆ زەگرێب، سلۆڤان براتیسلاڤا و کرڤێنا زڤێزدا یاریی دەکات.

یارییەکانی میلان لە قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ / ئەپڵیکەیشنی یاریگا

دوا پەرەسەندنەکانی لیڤەرپوول

تاوەکو ئێستا فێدێریکۆ کیێزا بەشداری هیچ یارییەکی لەگەڵ لیڤەرپوول نەکردووە و پێشبینی دەکرێت، ئەمشەو بەشداری یارییەکە بکات، چونکە هارڤی ئیلیەت بە هۆی پێکان بەشداری یارییەکە ناکات.

هەریەکە لە کۆدی خاکپۆ و داروین نونێز، وەکو یاریزانی یەدەک بەشدارییان لە یاریی رابردوودا کرد، بەڵام هیچ کاریگەرییان نەبوو، بۆیە دەستنیشانکردنی پێکهاتەی سەرەکی یارییەکە بۆ سڵۆت، ئاسان نابێت.

دوا پەرەسەندنەکانی میلان

فۆنسێکا بە ناچاری بێبەشە لە تواناکانی ئیسماعیل بن ناسڕ، ئالێساندرۆ فلۆرێنزی و مارکۆ سپۆرتێلۆ و بەشداری یاریی یەکەمی میلان لە چامپیۆنزلیگ ناکەن.

لەلایەکی دیکەوە، مالیک تیاو، بەرگریکار ئازاری لە پاژنە پێی هەیە و تاوەکو ئێستا بەشداریکردنی یەکلایینەکراوەتەوە. داڤیدێ کالابریا بەشداری لە یاریی رابردوو بەرامبەر ڤێنێتسیا نەکرد، بەڵام بۆ یارییەکەی لیڤەرپوول ئامادەیە.

پێشبینی دەکرێت فۆنسێکا بە هەمان شێوازی یاریی رابردوو یاریی بکات و رەنگە مۆڕاتا و ئابراهام لە پێکهاتەی سەرەکیدا بن.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی میلان

ماینان

ئێمێرسن، تۆمۆری، پاڤلۆڤیچ، هێرناندێز

رێندەرس، فۆفانا، لۆفتووس چیک

پولیسیچ، ئابراهام، لیاو

پێکهاتەی پێشبینیکراوی لیڤەرپوول

ئالیسن

ئارنۆڵد، کۆناتێ، ڤان دایک، رۆبێرتسن

ئێندۆ، خراڤنبێرخ، سۆبۆسلای

نونێز، خاکپۆ، سەڵاح

بابەتی زیاتر

Back to top button