ئیسپانیاگرنگترین

بارسێلۆنا ماوەی دوورکەوتنەوەی ئۆلمۆی راگەیاند

Yariga App

یاریگا –

دوای پشکنینە پزیشکییەکان بەفەرمی بارسێلۆنا ماوەی دوورکەوتنەوەی دانی ئۆلمۆی لە یاریکردن راگەیاند.

دوێنێ یەکشەممە لە یارییەکانی گەڕی پێنجەمی لالیگا بارسێلۆنا لە یاریگای مۆنتیلیڤۆ بووە میوانی جیڕۆنا، یارییەکەی 4-1 بردەوە و پێنجەم بردنەوەی بەدوای یەکی بەدەستهێنا.

دانی ئۆلمۆ لە خولەکی 47 گۆڵی سێیەمی یانەکەی کرد. بەڵام 14 خولەک دوای گۆڵەکەی بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت و ئێریک گارسیا چووە شوێنی.

ماڵپەڕی فەرمی بارسێلۆنا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی بۆ ئەستێرە ئیسپانییەکە کراوە، دەرکەوتووە لە رانی راستی تووشی پێکان بووە، بەو هۆیەش 4 بۆ 5 هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت.

یاریزانە تەمەن 26 ساڵانییەکە لەم هاوینە بەبڕی 55 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە بارسا کرد. سێ یاریی بۆ یانەکە کردووە و لەهەر سێ یارییەکە بەدوای یەک گۆڵی کردووە.

پێکانەکەی ئۆلمۆ لەکاتێکدایە لە 19 ئەم مانگە بارسێلۆنا لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی مۆناکۆی فەرەنسی.

جیا لەو یارییە دانی ناتوانێت لە پێنج گەڕی لالیگا بەرامبەر ڤیاریال، خێتافی، ئۆساسونا، ئالاڤێس و سێڤییا یاری بکات. هەر لە چامپیۆنزلیگ لە یاریی گەڕی دووەمیش بەرامبەر یەنگ بۆیز بێبەش دەبێت.

بۆ یاریی گەڕی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر بایرن میونشن گومان لە بەشداریکردنی دەکرێت، کە چوار رۆژ دوای یارییەکەی بایرنیش لە کلاسیکۆی زەوی رووبەڕووی ریال مەدرید دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button