ئینگلتەراگرنگترین

گواردیۆلا: مانچێستەر سیتی خۆی لەگەڵ جەنجاڵی و فشاری خشتەی یارییەکان دەگونجێنێت

''دەمەوێت بەشداری چامپیۆنزلیگی نوێ بکەم''

Yariga App

یاریگا –

هەفتەیەکی قورس چاوەڕێی مانچێستەر سیتی دەکات و پێپ گواردیۆلا چاوی لە بەکارهێنانی یاریزانانی ئەکادیمیایە.

مانچێستەر سیتی بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەمڕۆ دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە لە 115 سەرپێچییەکەی بەڕێوەدەچێت و لەلایەکی دیکەوە، خشتەیەکی جەنجاڵی لەبەردەمە و چوارشەممە لە گەڕی یەکەمی قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ میوانداری ئینتەر میلان دەکات و یەکشەممەش میوانداری ئارسیناڵ دەکات. چوار رۆژ دواتر لە جامی کاراباو میوانداری واتفۆرد دەکات.

گواردیۆلا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، دەبێ تیمەکەی خۆی لەگەڵ پاڵەوانیەتییە جیاوازەکان بگونجێنێت، چونکە لەم وەرزە لەوانەیە 75 یاریی بکات

هیچ رایەکم لەسەر شێوازی نوێی چامپیۆنزلیگ نییە، یوێفا بڕیاریداوە و منیش دەمەوێت بەشداری شێوازە نوێیەکە بکەم. بەڵام ئێستا یاریی زیاتر دەکەین، بەڵام چی بکەین، شتەکە بەم جۆرەیە و ناتوانین هیچ شتێک بکەین! چوارشەممە بەرامبەر باشترین یانەی ئیتاڵیا یاریی دەکەین و یەکشەممە رووبەڕووی رکابەری سەرەکی پرێمەرلیگی دوو وەرزی رابردوو دەبینەوە. سێشەممەی دواتر یارییەکی دیکەمان هەیە. دەبێ خۆمان بگونجێنین و سوود لە یاریزانانی ئەکادیمیا وەربگرین. حەز بە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ دەکەم.

لە پرێمەرلیگ ماوەی نێوان یارییەکان کەمترینی سەر ئاستی جیهانە، بە شێوەیەک بەڕێژەیی ماوەی نێوان دوو یاریی یانەیەک بریتییە لە 67.3 کاتژمێر.

لە ماوەی رابردوودا، هەریەکە لە کێڤن دی بڕۆین و مانوێل ئاکانجی و بێرناردۆ سیلڤا رەخنەی توندییان لە جەنجاڵی خشتەی یارییەکانی ئەمساڵ گرت.

مانوێل ئاکانجی، ئەستێرەی سویسری و هێڵی بەرگری یانەکە، بە گاڵتەوە باس لە جەنجاڵی خشتەی یارییەکان دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر وابڕوات لە تەمەنی 30 ساڵیدا واز لە یاریکردن دەهێنێت.

سیلڤا یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی گلەیی لە خشتەی یارییەکان هەیە. یاریزانە پۆرتوگالییەکە رایگەیاندبوو، کاتی زۆر کەمی بۆ خێزانەکەی ماوە. بەگوێرەی توێژینەوەیەک بێت، یاریزانان لە ساڵێکدا تەنیا 12%ی کاتەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەردەبەن.

پێشتر کێڤن دی بڕۆین، لەبارەی زیادکردنی ژمارەی یارییەکان رایگەیاندبوو

کێشە راستەقینەکە لە دوای زیادکردنی ژمارەی یانەکانی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان سەریهەڵدا. دەزانین تەنیا سێ هەفتە لە نێوان تەواوبوونی پرێمەرلیگ و دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان هەیە. باشە ئێمە سێ هەفتەمان بۆ وەرگرتنی پشوو و خۆئامادەکردن بۆ 80 یاریی هەیە.

لە یۆنیۆ/حوزەیرانی رابردوو، فیفپڕۆ سکاڵای لەسەر یوێفا لە یەکێتیی ئەوروپا بەرزکردووەتەوە.

هەفتەی رابردوو، فیفپڕۆ بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی یاریزانان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە؛ هەندێک یاریزان هەیە، لە ساڵێکدا تەنیا 12% پشوودەدات، ئەمەش بەهۆی زۆری ژمارەی یارییەکان و گوێنەدان بە دۆخییان.

دی بڕۆین رەخنەی توند لە رێکخەرانی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەگرێت

رەنگە ئەمساڵ شتەکان کێشە دروست نەکەن، بەڵام ساڵی داهاتوو، کێشەی زۆر دروست دەبن. ئێستا یەکێتیی یاریزانانی پیشەگەری ئینگلتەرا و چەند رێکخراوێکی دیکە، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەن. یوێفا و فیفا بەردەوام بەدوای یاریی زیاتر دەگەڕێن، ئێمە دەتوانین ناڕەزایی دەرببڕین، بەڵام چارەسەر لەدەست ئێمەدا نییە. پێدەچێت دەنگی پارە لە یاریزانان بەرزترە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی وەرزشی، هیچ بەڵگەیەکی روون بۆ زیادبوونی ماندووێتی یاریزانان لە 20 ساڵی رابردوودا نییە.

سەنتەرە بێلایەنەکە لە ساڵی 1995 لە سویسرا دامەزراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ فیفا چەندین لێکۆڵینەوەی کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button