ئینگلتەراگرنگترین

دادگایی وەرزشی سەدە؛ دادگاییکردنی مانچێستەر سیتی دەستپێدەکات

بەهۆی وردی کەیسەکە، لەوانەیە لە هاوینی ساڵی 2025 بڕیاری کۆتایی بدرێت

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ مانچێستەر سیتی روونکردنەوە و وەڵامی 115 سەرپێچی دارایی لە پرێمەرلیگ دەداتەوە.

لیژنەیەکی سەربەخۆ گوێ لە روونکردنەوەکانی مانچێستەر سیتی دەگرێت، رۆژنامەکانی بەریتانیا ناوی دانیشتنەکەیان کردووەتەوە ”دادگایی وەرزشی سەدە”.

لیژنە سەربەخۆیەکە لە سێ کەس پێکدەهێت و لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەکی زۆری بەڵگە دەکات، کە بۆ ماوەی 10 هەفتە، کار لەسەر کۆکردنەوەیان کراوە و پێشبینی دەکرێت، لە کۆتایی ئەم وەرزە، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدرێت.

مانچێستەر سیتی وەرزی رابردوو چوارەم نازناوی پرێمەرلیگی بەدوای یەک بەدەستهێنا و ریکۆردێی نوێی لە مێژووی پاڵەوانیەتییەکە تۆمار کرد. ئەمڕۆ ناچارە روونکردنەوە لەسەر 115 سەرپێچی دارایی بدات، کە لە ماوەی نێوان 2009 تاوەکو 2018 کراون.

لە ئەگەری سەلماندنی چەند سەرپێچییەک، لەوانەیە مان سیتی رووبەڕووی سزای توندی دارایی و کەمکردنەوەی خاڵ تەنانەت دابەزینی بۆ چامپیۆنشیپ بدرێت. ئەمەش پرسیاری گەورە لەسەر درەوشانەوەی مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگ دروستدەکات.

لەدوای کڕینەوەی یانەکە لە لایەن شێخ مەنسوود، خاوەنی گرووپی ئەبوزەبی یونایتد لە ساڵی 2008، مانچێستەر سیتی هەشت نازناوی پرێمەرلیگ، یەک چامپیۆنزلیگ، سێ جامی FA، شەش نازناوی جامی خول، جامێکی سوپەری ئەوروپا و نازناوی مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێناوە.

ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی مانچێستەر سیتی کراون

  • نەدانی زانیاری وردی دارایی.
  • شاردنەوەی بەشێکی زۆری زانیارییەکان لەبارەی پاداشت کردنی یاریزانان، راهێنەران و کەسانی هونەری یانەکە.
  • پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێنی پرێمەرلیگ و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا
  • هاوکاری نەبوون لە لێکۆڵینەکانی لیژنەکانی پرێمەرلیگ.

یەکەمجارنییە مانچێستەر سیتی بەهۆی پێشێلکاری داراییەوە، خۆی لە قەفەسی تۆمەتەکان دەدۆزێتەوە.

لە ساڵی 2020، بەهۆی زێدەڕۆییکردن لە خەمڵاندنی داهاتی سپۆنسەرەکان لە ساڵانی نێوان 2012 و 2016، مانچێستەر سیتی بۆماوەی دوو ساڵ لە چامپیۆنزلیگ دوورخرایەوە، بەڵام دواتر تانەیان لە بڕیارەکەدا و کەیسەکەیان بردەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنی یەکەم، پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دادگاییکردنەکە بەردەوام بێت و کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی یارییەکانی پرێمەرلیگ دروست دەکات.

بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەرلایەک بێت، ئەوا لایەنی بەرامبەر مافی تانەدانی هەیە، بۆیە لەوانەیە پڕۆسەکە تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 بەردەوام بێت.

لە وەرزی رابردوو، سێ خاڵ لە یانەکانی ئێڤەرتن و نۆتینگهام فۆڕێست کەمکرانەوە، بەهۆی سەرپێچیکردنی رێساکانی قازانج و بەردەوامیی پرێمەرلیگ و لێستەر سیتی تانەی لەبڕیارەکەدا و خۆی دەربازکرد.

هەموو شتێک بزانە؛ بەهۆی 115 تۆمەتی سەرپێچی دارایی، مان سیتی دادەبەزێتە پلەیەک؟

بابەتی زیاتر

Back to top button