یاریگا –
یارییە مێژووییەکەی شوڕتە و نەسڕ لە خولی یانە بژاردەکانی عێراق لە یاریگای مەدینە لە بەغدا دەکرێت، کە یەکێکە لە یاریگا نوێیەکانی عێراق.
یاریگای نێودەوڵەتی مەدینە ساڵی 2012 دەستی بە دروستکردنی کرا و ساڵی 2019 تەواو کرا و 120 ملیۆن دۆلار تێچووی ئەم یاریگایە بووە، یاریگاکە شوێنی 32 هەزار هاندەر دەگرێت، گەرچی ساڵی 2019 یاریگاکە تەواو بوو، بەڵام بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ساڵی 2021 یاریگاکە کرایەوە.
ئەم یاریگایە تاکە یاریگایە لەسەر ئاستی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە وزە خۆر دەبەستێت.
سێ جار ناوی یاریگاکە گۆڕدراوە
تاوەکو ناوی یاریگاکە کرایە یاریگای نێودەوڵەتی مەدینە پێشتر چوار جار ناوی ئەم یاریگایە نێودەوڵەتییە گۆڕدرا، سەرەتا وابڕیاربوو ناوی یاریگاکە شاری وەرزشی سەدر بێت، بەڵام ساڵی 2017 بڕیاردرا ناوی یاریگاکە بەناوی ناوچەکە بکرێت و کرایە یاریگای حەبیبیە کە یاریگاکە کەوتووەتە ناوچەی حەبیبیە لە بەغدا.
لە سەرەتای ساڵی 2019 بڕیاردرا ناوی یاریگاکە بکرێتە یاریگای شەهیدان، وەکو هێمایەک بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی تشرین، بەڵام دواتر جارێکی دیکە ناوی یاریگاکە گۆڕدرا و ئەمجارە یاریگاکە بەناوی یاریگای نێودەوڵەتی مەدینە ناوزەد کرا.
زۆربەی یارییە نێودەوڵەتی و پاڵەوانێتییە گرنگەکانی عێراق لە یاریگای مەدینە دەکرێن
گەرچی تەمەنی ئەم یاریگایە تەنیا سێ ساڵە، بەڵام میوانداریی چەندان پاڵەوانێتی و یاریی تایبەتی کردووە، ساڵی 2021 کاتێک یاریگاکە کرایەوە لە یەکەم ساڵیدا میوانداریی یارییەکانی جامی رۆژئاوای ئاسیای ژێر 18 ساڵانی کرد و یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەم یاریگایە کرا.
ساڵی 2022 یاریی کۆتایی جامی عێراق و جامی سوپەری عێراق لەم یاریگایە کران و ساڵی رابردووش یارییەکانی جامی ژێر 23 ساڵانی رۆژئاوای ئاسیا لەم یاریگایە بەڕێوەچوون.
جگە لە پاڵەوانێتییەکان، عێراق لەم یاریگایە دوو یاریی دۆستانەی نێودەوڵەتی کردووە و ساڵی 2022 شێرەکانی رافیدەین لەم یاریگایە میوانداریی ئۆگەندا و زامبیایان کرد.