یاریگا –
ئەیسی میلان و ئینتەر میلان پلانەکانی شارەوانی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای سان سیرۆ/جیوزێپی میازا رەتدەکەنەوە، بەڵام پێشنیازێکی نوێیان بۆ دروستکردنی یاریگایەکی هاوبەش لە هەمان شوێن خستووەتەڕوو.
جیوزێپی سالا، سەرۆکی شارەوانی میلان بە رۆژنامەکانی راگەیاندووە، میلان و ئینتەر میلان پلانەکانی نوێکردنەوەی تەواوەتی یاریگاکەیان رەتکردووەتەوە، بەڵام نیازی دروستکردنی یاریگایەکی نوێی هاوبەشییان هەیە.
سالا لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری هەردوو یانەکە روونیکردووەتەوە
هەردوو یانەکە هەڵسەنگاندنی قووڵییان بۆ بابەتی نوێکردنەوەی یاریگاکە کردووە، پێیان وایە بە تێچوویێکی کەم ناتوانن یاریگاکە نوێبکەنەوە. بەڵام هەردوو یانەکە بیرۆکەیەکی هاوبەشییان بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نوێ لە هەمان شوێن هەیە.
ئەیسی میلان و ئینتەر میلان دەیانەوێت یاریگایەکی نوێی مۆدێرن دروستبکەن، تاوەکو هاوتەریب لەگەڵ یانە گەورەکانی ئەوروپا سەرنجی هاندەران رابکێشن.
پاراستنی یاریگای سان سیرۆ و نوێکردنەوەی بە توندی لەلایەن شارەوانی میلان پاڵپشتیدەکرێت، سەرەتای ئەمساڵ بیرۆکەی دروستکردنی یاریگایەکی نوێ بۆ هەردوو یانەکە لە دەرەوەی شار لەئارادابوو، بەڵام یانەکان رەتیدەکەنەوە.
دروستکردنی یاریگایەکی نوێ لە شوێنی سان سیرۆ ئەستەمە، چونکە کۆمەڵێک یاسای توند لە ئیتاڵیا هەن، کە شوێنەواری دێرین و گرنگ دەپارێزێت.
دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی (رێد بێرد و ئۆکتری) خاوەنی پشکی زۆرینەی هەردوو یانەکەن. هەردوو کۆمپانیاکە خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ شارەوانی میلان، تاوەکو زەوییەکانی دەوروبەری یاریگاکە بکڕن و یاریگایەکی نوێی مۆدێرن دروست بکەن.