یاریگا –
16ی ئەم مانگە، نەسڕی سعوودی بە کۆمەڵێک ئەستێرەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شوڕتە لە خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا گەشتی بەغدا دەکات.
دەرفەتی لە نزیکەوە بینینی رۆناڵدۆ و ئەستێرەکانی نەسڕ بۆ زۆربەی هەوادارانی وەرزشی وەکو خەونێکە، بۆیە یارییەکەی یاریگای مەدینە، دەرفەتێکی گەورەیە.
لە بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگادا، نرخی بلیتی یارییەکە بەسەر چەند کاتێگۆرییەک دابەشکراوە و نرخی گرانترین بلیت دەگاتە 50 هەزار دینار.
بڕیارە دەستەی کارگێڕی یانەی شوڕتە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک، بلیتەکان لە چەند بنکەیەکی فرۆشتنی دیاریکراو لە بەغدا، بەسڕە و هەولێر بەردەست بکات.
نرخی بلیتەکان بەمشێوەی خوارەوەیە؛
کاتێگۆری یەک: 25 هەزار دینار
کاتێگۆری دوو: 15 هەزار دینار
زۆنی ڤی ئای پی (VIP): 50 هەزار دینار (ناوەڕاستی یاریگا)
ژمارەیەکی زۆری هەوادارانی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری ئامادەبوونیان لە یارییەکە کردووە، چونکە بینینی رۆناڵدۆ لە نزیکەوە، خەونی بەشێکی زۆری هەوادارانی وەرزشییە لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای عێراق ئێروەیس رۆژانە گەشتی فڕۆکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر / فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بە پێچەوانەوە هەیە. بەگوێرەی بەدواداچوونی یاریگا، تێچووی گواستنەوە و مانەوەی کەسێک لە بەغدا بەمشێوەیەیە؛
بلیتی ئاسایی چوون و گەڕانەوە: 103 هەزار دینار
بلیتی کلاسی یەکەم چوون و گەڕانەوە: 205 هەزار دینار
نرخی تەکسی فڕۆکەخانە: 50 هەزار دینار
نرخی یەک سەرنشین بە ئۆتۆمبێل لە هەولێر بۆ بەغدا: 35 هەزار دینار بە ئۆتۆمبێلی 7 سەرنشینی – (جی ئێم سی) | 50 هەزار دینار بە ئۆتۆمبێلی 4 سەرنشینی (دۆج و کرایسلەر)
نرخی یەک سەرنشین بە ئۆتۆمبێل لە سلێمانی بۆ بەغدا: 35 هەزار دینار بە ئۆتۆمبێلی 7 سەرنشینی – (جی ئێم سی) | 50 هەزار دینار بە ئۆتۆمبێلی 4 سەرنشینی (دۆج و کرایسلەر)
نرخی یەک سەرنشین بە ئۆتۆمبێل لە دهۆک بۆ بەغدا: 50 هەزار دینار بە ئۆتۆمبێلی 7 سەرنشینی – (جی ئێم سی) | 75 هەزار دینار بە ئۆتۆمبێلی 4 سەرنشینی (دۆج و کرایسلەر)
رێڕەو و مەودای نێوان هەولێر – بەغدا
دووری: 372 کیلۆمەتر
ماوە: 5 کاتژمێر
رێڕەو و مەودای نێوان سلێمانی – بەغدا
دووری: 376 کیلۆمەتر
ماوە: 5 کاتژمێر
رێڕەو و مەودای نێوان دهۆک – بەغدا
دووری: 480 کیلۆمەتر
ماوە: 6 کاتژمێر
هەر کەسێک نیازی مانەوەی لە بەغدا هەبێت، دەتوانێت لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی بووکینگ (Booking)، ئەگۆدا (Agoda) و تریڤاگۆ (Trivago)، هۆتێل دەستەبەربکات؛ نرخە بەربڵاوەکان؛
50 دۆلار بۆ هۆتێلێکی ئاسایی و 70 – 90 دۆلار بۆ هۆتێلێکی چوار ئەستێرەیەیی نزیک لە سەنتەری شار.
نرخی ژەمێک خواردنی ئاسایی لە چێشتخانەکانی بەغدا لە نێوان 5000 بۆ 8000 دینارە.
پڕۆفایڵی یاریگای مەدینە
ناو: یاریگای نێودەوڵەتی مەدینە
ناونیشان: شەقامی پۆرت سەعید – نێوان گەڕەکی بەلەدیات و شاری سەدر / رۆژهەڵاتی بەغدا
ژمارەی کورسی: 32 هەزار
جۆری چیمەن: چیمەنی میکستۆ هایبرید
دروستکردن: 2012 – 2014 دواتر وەستا، 2018 دەستیپێکردەوە و 2019 تەواو بوو
تێچوو: 100 ملیۆن دۆلار
پێویستە چی دیکە بزانیت؟
یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بە داواکەی یانەی نەسڕی سعوودی رازیبوو و یاریگای یارییەکەی بەرامبەر شوڕتە عێراقی گۆڕی.
بڕیاربوو یاریی نێوان شوڕتە و نەسڕ لە 16ی ئەم مانگە لە یاریگای کەربەلای نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆکاری ئەمنی جیاوازەوە، یاریگاکە گۆڕا و یارییەکە لە یاریگای مەدینە دەکرێت.
لە گەڕی یەکەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، شوڕتە و نەسڕ لە یاریگای مەدینە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، نەسڕ بە هۆکاری ئەمنی داوای گۆڕینی یاریگاکەی کردووە، بۆیە ئامادەی گەشتکردن بۆ کەربەلا نەبووە.