گواستنەوەی فۆفانا بۆ ئەسینا لە کۆتا ساتەکان شکستی هێنا
یاریگا-گواستنەوەی دەیڤد دەیترۆ فۆفانا لە چێڵسییەوە بۆ ئایک ئەسینا لە کۆتا ساتەکان شکستی هێنا و دەرگای گواستنەوەی بازاڕی یۆنان داخرا.
هەرچەندە هەواڵەکە وا بڵاوکرایەوە کە گرێبەستەکە کۆتایی هاتووە بەڵام لە کۆتا ساتەکاندا چەند کێشەیەک کەوتە رێککەوتنەکە و نەتوانرا بەر لە داخستنی بازاڕی گواستنە، ئەو یاریزانە پەیوەندی بە یانە تازەکەیەوە بکات.
بەگوێرەی فابریزیۆ رۆمانۆ،ئەو یاریزانە لە پلانەکانی مارێسکای راهێنەردا نیە و بەدوای ئەوەوەن بەزوویی ئەو یاریزانە بدەنە خولێکی دیکە لەوانەی هێشتا بازاڕی گواستنەوەیان دانەخراوە.
فۆفانا کاروانێكی ئاڵۆز لە چێڵسی بەڕێ دەکات. پارساڵ لە مانگی یەکدا بە 20 ملیۆن پاوەند لە مۆڵدی نەرویجییەوە گوێزرایەوە لەندەن، پاشان هاوینی رابردوو بە خواستن درایە یونیەن بەرلین بۆ ماوەی وەرزێک، بەڵام لە مانگی یەکی ئەمساڵدا گەڕێندرایەوە چێڵسی بەر لە کۆتایی هاتنی ماوەی خواستنەکە و دوای هەشت رۆژیش سەرلەنوێ بە خواستن گوێزرایەوە بۆ بێرنلی. هاوینی ئەمساڵ گەڕایەوە چێڵسی بەڵام لەگەڵ هاتنی مارێسکای راهێنەر پێی راگەیەندرا لە پلانەکانی راهێنەردا نیە.