ئیسپانیاگرنگترین

بارسێلۆنا دەرگای رۆیشتنی بۆ ئەستێرەیەکی یانەکە کردووەتەوە

Yariga App

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنا وەک چارەسەر بۆ بەشێک لە گرفتەکانی دەرگای رۆشتنی لە ئەستیرەیەکی کردووەتەوە.

یانە کەتەلۆنییەکە بەدەست دوو قەیرانی قووڵەوە دەناڵێنێ، لەلایەک پێکانە زۆرەکانی و لەلایەکی دیکەوە گرفتی دارایی کە دەستەوەستانی کردووە لە ئەنجامدانی گرێبەست بەوەی خۆیان دەیانەوێ.

فرانکی دی یۆنگ یەکێک لەو یاریزانە کاریگەرانەی ماوەی چەند ساڵی رابردووی بلاوگرانا بووە، بەڵام بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکەی کە لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی رابردوو لە پاژنەی پێیدا دووچاری هات و هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ باری جەستەیی ئاسایی، دۆخی بە نازانراوی هێشتووەتەوە و زانیاریی نوێ باس لەو دەکات بارسا پێشکەشی چەند یانەیەکی کردبێت.

جگە لە پێکان، ناوەڕاستکارە هۆڵەندییەکە خاوەنی مووچەیەکی ئێجگار بەرزە لە بارسێلۆنا و بگرە لە بەرزترین مووچەکانی هەموو کیشوەری ئەوروپایە کە ساڵانە نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانی موندو دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیش، یانە کەتەلۆنییەکە فشاریان لە دی یۆنگ کردووە هەرچی زووە نەشتەرگەریی بکات بۆ زووتر چاکبوونەوە، بەڵام یاریزانەکە متمانە بەخۆبوونی پیشانداوە بەوەی بەبێ پەنابردنە بەر نەشتەرگەریی بتوانێ بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.

جگە لەوەش، نوێترین زانیاریی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە بارسێلۆنا فرانکی پێشکەشی چەند یانەیەکی ئەوروپا کردووە، بەڵام یاریسازەکە ئەوەشی رەتکردووەتەوە بفرۆشرێت.

دی یۆنگ کە هاوینی 2019 بەبڕی 86 ملیۆن یۆرۆ لە ئایاکسەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، ئامانجێکی گەورەی مانچێستەر یونایتد بوو لەسەر خواستی ئێریک تێن هاخی راهێنەر. بەڵام وا دایرە مانەوەی لەگەڵ کەتەلۆنییەکانی پێ باشترە لە هەر جێیەکی دیکە.

ناوبراو بە درێسی بارساوە نازناوێکی لالیگا، نازناوێکی جامی شای ئیسپانیا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button