یاریگا –
ئەمڕۆ ئێوارە لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگ، مانچێستەر یونایتد لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد میوانداریی لیڤەرپوول دەکات، کە لە دوو گەڕی رابردوو رێدز هەردوو یارییەکەی لە ئیپسویچ تاون و برێنتفۆرد بردەوە و مان یونایتدیش لە فولهامی بردەوە و بەرامبەر برایتن دۆڕا.
دوو راهێنەری هۆڵەندی لە پرێمەرلیگ رووبەڕوو دەبنەوە
ئارنی سلۆت راهێنەری ئێستای لیڤەرپوول و پێشووی فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی رووبەڕووی ئێریک تێن هاخ راهێنەری مانچێستەر یونایتد و پێشووی ئەیاکس ئامستەردامی هۆڵەندی دەبێتەوە.
لە مێژوودا ئەو دوو راهێنەرە هۆڵەندییە کەچەڵە 5 جار رووبەڕوو بوونەتەوە، تێن هاخ دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و سلۆتیش دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە یارییەکیش یەکسان بووە.
لەوەتەی فێبرایەری 2016 یەکەمجارە لە پرێمەرلیگ دوو راهێنەری هۆڵەندی لە یارییەک رووبەڕوو ببنەوە، ئەوکات چێڵسی بە راهێنەرایەتی گوس هێدینک 2-1 لە لە ساوسامتنی بردەوە کە رۆناڵد کومان راهێنەرایەتی دەکرد.
راستییەکانی یارییەکە
- مانچێستەر یونایتد لە دوایین 13 یاریی لە پرێمەرلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە، شەیتانە سوورەکان تووشی 6 دۆڕان بووینە و لە 5 یاریش یەکسان بوون.
- لیڤەرپوول لە دوایین 6 سەردانی بۆ یاریگای ئۆڵدترافۆرد لە پرێمەرلیگ تەنیا یارییەکی دۆڕاندووە، دوو بردنەوە و سێ یەکسانبوونی بەدەستهێناوە.
- لەوەتەی سێر ئەلێکس فێرگسن وازی لە راهێنەرایەتی مان یونایتد هێناوە، شەیتانە سوورەکان لە مانگی سێپتێمبەر لەکۆی 35 یاری تووشی 13 دۆڕان بووە.
- لیڤەرپوول لە دوو گەڕی دەستپێکی ئەم وەرزەی لالیگا زۆرترین شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کردووە (37 شووت).
- لیڤەرپوول لەدوای لێستەر سیتی زۆرترین گۆڵی لەلایەن مارکۆس راشفۆرد هێرشبەری مان یونایتدەوە لێکراوە، راشفۆرد لە 10 یاریی لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد 7 گۆڵی لە رێدز کردووە.
- محەمەد سەڵاح تاکە یاریزانە وەکو تیپی میوان 6 گۆڵی لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد کردبێت، بە کۆی گشتی 9 گۆڵی لە تۆڕی مان یونایتد کردووە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
مانچێستەر یونایتد: ئۆنانا، مەزراوی، دێ لیخت، مارتینێز، دالۆت، کاسیمێرۆ، ماینۆ، فێرناندێز، گارناچۆ، راشفۆرد، زیکزی.
لیڤەرپوول: ئەلیسۆن، ئارنۆڵد، کۆناتێ، ڤان دایک، رۆبێرتسن، گراڤینبرێخ، ماک ئالیستەر، سۆبۆسلای، سەڵاح، گۆتا، دیاز.