یاریگا –
ئەنچیلۆتی باسی پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس دەکات و دەڵێت ‘خۆیان بڕیار دەدەن کامیان لێدانی سزا لێدەدات’.
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەمڕۆی پێش یاریی ریال بێتیس لەبارەی پەیوەندی نێوان کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەڵێت :’ئێمباپێ و ڤینیسیۆس هەردووکیان پێناڵتییەکان جێبەجێ دەکەن، لە نێوان خۆیان یەکلای دەکەنەوە هەر جارێک کامیان پێناڵتییەکە لێبدات، وا باشترە بەرپرسیارەتییەکە بدەینە دەستی هەردووکیان، بەگوێرەی دۆخی هەردووکیان لە یارییەکان بڕیار بدەن کامیان پێناڵتییەکە لێدەدات’.
راهێنەرەکەی ریال مەدریدیش دەڵێت :’ئێمباپێ ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، راستە گۆڵی نەکردووە بەڵام ئەو هەمیشە بە رۆڵەکەی مەترسی دروست دەکات، بە بڕوای من ڤینیسیۆس و ئێمباپێ زۆر هاریکاری یەکتری دەکەن، زۆر بە باشی لە هێلی هێرشبردن یاریی دەکەن، ئێمە کێشەمان نییە چونکە لە سەرجەم یارییەکان گۆڵمان کردووە، بە تێپەڕبوونی کات هەردووکیان زیاتر لەگەڵ یەکتری دەگونجێن، ئێمباپێ نەک هەر لەگەڵ ڤینی بەڵکو لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندنیش دەگونجێت، ئێمە باشترین هێرشبەرەکانی جیهانمان هەیە’.
ئەنچیلۆتی لەبارەی شوێنی یاریکردنیان دەشڵێت :’ئێمباپێ و ڤینیسیۆس بە نۆرە شوێنی خۆیان لەناو یاریگا لەگەڵ یەکتری دەگۆڕن، بەڵام ڤینی زیاتر لەلای چەپ یاریی دەکات و هەرواش بەردەوام دەبن’.
بەگوێرەی ئامارەکان، ئێمباپێ و ڤینیسیۆس لەم وەرزەی لالیگا لەو سێ یارییەی بەیەکەوە کردوویانە تەنیا 18 پاسیان لە نێوان یەکتری ئاڵوگۆڕ کردووە، تەنانەت لە دوایین یارییان بەرامبەر لاس پالماس تەنیا 2 پاسیان لە نێوان یەکتری ئاڵوگۆڕ کردبوو.