یاریگا –
فێدێریکۆ کیێزا پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردووەتەوە و رەخنەی توند لە ئیدارەی یوڤوێنتوس دەگرێت.
بەشێوەیەکی فەرمی لیڤەرپوول گواستنەوەی فێدێریکۆ کیێزای ئیتالی بۆ یانەکەی راگەیاند و یاریزانە ئیتاڵییەکە بۆ ماوەی چوار وەرز گرێبەستی لەگەڵ رێدز واژۆ کرد.
هێرشبەرەکەی پێشووی خانمە پیرەکە لە هەژماری فەرمی خۆی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە، ئاشکرای دەکات ئیدارەی یانەکەی هیچ ئۆفەرێکیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش نەکردووە.
کاتی ئەوەیە ماڵئاوایی لە هاندەرانی یوڤێنتوس بکەم. دەمەوێت بە چەند وشەیەک سوپاسی خۆشەویستی گەورەی ئێوە بکەم. ئەم خۆشەویستییە تاهەتایە لەدڵی خۆم هەڵدەگرم.
لەگەڵ یوڤێنتوس وەک یاریزان و پیاوێک گەورە بووم. لە ساتە سەختەکان و خۆشەکان پاڵپشتی منتان کرد، بۆیە بەردەوام منەتباری ئێوەم. لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ یاریزان و دەستەی هونەری و راهێنەران لە بەرزترین ئاستدا کار بکەم. وەک خێزانێک بوون بۆ من، تەنانەت لە ناخۆشترین کاتەکاندا، یارمەتیتاندام جارێکی دیکە لەسەرپێ بوەستم. ئەم یادگاریە خۆشانە، بەردەوام لای خۆم هەڵدەگرم.
ئێستا، دەمەوێت شتێک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم روونبکەمەوە، یوڤێنتوس هیچ ئۆفەرێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم پێشکەش نەکردووم. تەنانەت هیچ کەسێک داوای کەمکردنەوەی مووچەی لە من نەکردووە. بەڵکو پێم راگەیێندرا، چیدیکە لە پڕۆژەی نوێی یانەکەدا نیم.
جارێکی دیکە سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی ئێوەتان دەکەم. سوپاس یوڤێنتوس.
کیێزا لە هاوینی 2022 بەبڕی 44.60 ملیۆن یۆرۆ لە فیۆرێنتیناوە پەیوەندی بە یوڤێ کرد، بە درێسی خانمە پیرەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداری 131 یاریی کرد، 32 گۆڵی کرد و 23 گۆڵیشی دروستکرد. دوو نازناوی جامی ئیتاڵیا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیتاڵیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.
گلادیاتۆرەکە بە درێسی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش بەشداری 51 یاریی کردووە، 7 گۆڵی کردووە و 8 گۆڵیشی دروستکردووە. نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020ـی لەگەڵ ئازۆری بەدەستهێناوە.