ریال مەدرید چۆن مامەڵە لەگەڵ سێبایۆس دەکات؟
سێبایۆس لەلایەن دوو یانەوە داواکراوە
یاریگا –
ریال مەدرید ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکانی پەیوەست بە دانی سێبایۆس بگرێت.
تۆڕی ئاتلێتیک روونیکردووەتەوە، سێبایۆس گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دەبێ ریال مەدرید جێبهێڵێت، چونکە دەیەوێت بەشداری زیاتری لە یارییەکاندا هەبێت و ئەمە لە ریال مەدرید روونادات.
ریال بێتیس یەکێکە لەو یانانەی گرنگییان بە سێبایۆس داوە. سێبایۆس پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خواکین، ئەفسانەی ریال بێتیس هەیە و لە ماوەی رابردوودا گفتوگۆییان لەبارەی ئەگەرەکانی گواستنەوەی کردووە. لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مارکا باس لە گرنگی مۆناکۆ بە یاریزانەکە دەکات، بەڵام یانە فەڕەنسییەکە زیاتر دەیەوێت بە خواستن بیگوازێتەوە.
ریال مەدرید نایەوێت بە خواستن رێگە بە چوونە دەرەوەی سێبایۆس بدات، بەڵکو ئامادەیە بەبڕی 15 ملیۆن یۆرۆ، دەستبەرداری تەواوی گرێبەستەکەی ببێت.
سێبایۆس لە ساڵی 2017 لە ریال بێتیسەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، گرێبەستەکەی لە ساڵی 2023 نوێکردەوە و ئێستا سێ ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە و مووچەی ساڵانەی دەگاتە 4.5 ملیۆن یۆرۆ.
سێبایۆس دەیەوێت لە لالیگا بمێنێتەوە، هەرچەندە بۆ ماوەی دوو وەرز بە خواستن یاری بۆ ئارسیناڵ کرد.
بەهۆی داواکارییە بەردەوامەکانی سێبایۆس بۆ جێهێشتنی مەدرید، کارلۆ ئانچێلۆتی ناچارکردووە، پشت بە یاریزانی وەکو ماریۆ مارتن و نیکۆ پاز ببەستێت، بەڵام ئێستا هەردووکیان ریال مەدریدییان جێهێشتووە. بۆیە هاوکێشەکە ئاڵۆزە.