یاریگا –
ئەمڕۆ لاس پاڵماس و ریال مەدرید لە سێیەم یاری وەرزی نوێی لالیگا رووبەرووی یەك دەبنەوە.
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە كاتژمێر 22:30 بە كاتی كوردستان لاس پاڵماس لە یاریگای گران كاناریا میوانداری ریال مەدرید بكات، لە میانی یارییەكانی هەفتەی سێیەمی لالیگای ئیسپانیا.
پڕۆفایلی یاری
یارییەكەی بەرامبەر لاس پاڵماس دووەم یاری ریال مەدرید دەبێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە وەرزی نوێی لالیگادا، یاری یەكەم بەرامبەر مایۆركا بە گۆڵێك بۆ هەردوولا یەكسان بوون.
وەرزی رابردوو لاس پاڵماس لە پلەی شازدەیەم كۆتاییان بە وەرزەكە هێنا و لە گواستنەوەكانی هاوینەدا فرانچێسكۆ خاڤیێر پێمێنتای راهێنەری پێشوویان لە پۆستەكەی دوورخستەوە و لە جێگای لویس میگێل كارییۆنیان دانا.
ئامانجی سەرەكی لاس پاڵماس مانەوەیە لە ریزی یانەكانی لالیگا بۆ وەرزی داهاتوو، لە دوو یاری رابردوودا توانیویانە خاڵێك بەدەستبهێنن.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
عەدنان یانوزای یاریزانەكەی پێشووتری مانچێستەر یونایتد و ئێستای لاس پاڵماس تووشك پێكانێكی قورس بووە و ناتوانێت لە یارییەكەدا بەشداری بكات.
هەروەها پێخینۆ هێرشبەری یانەكە ناتوانێت بەرامبەر ریال مەدرید بەشداری بكات.
كارلۆ ئانچێلۆتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لاس پاڵماس لە تواناكانی هەریەك لە جود بێڵینگهام، ئێدواردۆ كاماڤینگا، خێسوس ڤایێخۆ و دەیڤد ئالابا بێ بەش دەبێت.
چاوەڕوان دەكرێت ئاردا گولەر لە جێگای جود بێڵینگهام یاری پێبكات و فێرلاند مێندیش دوای كۆتاییهاتنی سزای راگیرانەكەی دەگەڕێتەوە یاریگاكان.
پێکهاتەی پێشبینیکراو
لاس پاڵماس
سیلیسێن
سوارێز، ماكێنا، مارمۆل، ئەلێكس مونۆز
جاڤی مونیۆز، كیریان رۆدریگێز، مۆلێرۆ
رامیرێز، مەكبێرنی، مارڤن
ریال مەدرید
كۆرتوا
كارڤاخال، میلیتاو، رودیگەر، مێندی
ڤالڤێردی، مۆدریچ، گولەر
رۆدریگۆ، ڤینیسیۆس، ئێمباپێ
ریال مەدرید و لاس پاڵماس 74 جار رووبەڕووی یەك بوونەتەوە، لە 51 یاری مەدرید براوە بووە و لە هەشت یاریش لاس پاڵماس و لە 15 یاری یەكسان بوون.
یانە شاهانەكە 194 گۆڵیان كردووە و لاس پاڵماسیش 68 گۆڵ.