یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یوتیوب دیمانەیەکی خۆی و ریۆ فێردیناندی بڵاوکردەوە و باسی وەرزی رابردووی دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی نەسڕی سعوودی دوای ئەوەی ژمارەی سەبسکایبەرەکانی گەیشتە 50 ملیۆن، ڤیدیۆیەکی خۆی و ریۆ فێردیناند بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد بڵاوکردووەتەوە و باسی رابردوو و ئێستا و داهاتووی کاروانی وەرزشی خۆی کردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە بەشی یەکەمی گفتوگۆیەکەی لەگەڵ فێردیناند کە نزیکەی 25 خولەکە، گوتی :’منداڵەکانم ئیلهامبەخشن بۆ من، من لە یۆرۆی 2024 ئەو رەخنانەوە نەبوو کە لێم دەگیران، بەڵکو بەهۆی خێزانەکەم و هەوادارەکانم بوو’.
دۆن دەشڵێت :’نازانم کەی واز لە یاریکردن دەهێنم، حەز دەکەم هێشتا بەردەوام بم، بەمزووانە ژمارەی گۆڵەکانم دەگاتە 900 گۆڵ، دەمەوێت ژمارەی گۆڵەکانم بگەیەنمە 1000 گۆڵ، لەوانەیە ئەوکات تەمەنم 41 ساڵ بێت’.
کریستیانۆ دەڵێت :’هەندێک یاریزان بیانوو دەهێننەوە بۆ ئەوەی پێناڵتی لێنەدەن، بەڵام هەرگیز من شەرم لە جێبەجێکردنی پێناڵتییەکان ناکەم، ئەمساڵ سێ نازناوم بەهۆی لێدانە یەکلاکەرەوەکان دۆڕاند، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە’.
رۆناڵدۆ دەڵێت :’من باشترین یاریزانی جیهانم، هەمیشە مێشکم ئەوەم پێدەڵێت، من لەبەر جوانییەکەم بەناوبانگترین و خاوەنی زۆرترین هەوادار نیم، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە من لە هەموو شتێک ژمارە یەکم، هەرکەسێک رەخنە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگرێت، ئەوا دەبێتە مانشێتی رۆژنامەکان، من پێشتر دەمزانی خولی سعوودی بەهۆی منەوە بەرەو پێشەوە دەچێت’.