عێراقکوردستانگرنگترین

هەردی سیامەند دوای 13 ساڵ ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر کرد و رەخنە لە دەستەی کارگێڕی یانەکە دەگرێت

Yariga App

یاریگا –

هەردی سیامەند دوای 13 ساڵ ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر کرد و لە پەیامێکیدا رەخنە لە مامەڵەکردنی دەستەی کارگێڕی یانەکە دەگرێت.

هەردی سیامەند کاپتنی یانەی هەولێر لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دوای 13 ساڵ یاریکردن لە یانەی هەولێر رۆیشتنی راگەیاندووە و نووسیویەتی :’بۆ هەموو سەرەتایەک کۆتاییەکیش هەیە، منیش لێرەوە کۆتا خاڵ بۆ دێری خزمەتم دانا’.

هەردی سیامەند لە پەیامەکەیدا نووسیویەتیشی :’هیچ ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لە منی نەپرسیوەتەوە، رێزگرتن لە کاروانی وەرزشیم لە ژێر فشاری هاندەران رەتدەکەمەوە، تاس بشکێت باشترە نەک بزرینگێتەوە’.

هەروەها دەشڵێت :’دەبووایە سەرۆکی یانە خۆی هەڵسێت بەم کارە، چونکە من تا هێز و قوەتم لە ئەژنۆیەكاندا هەبوو خزمەتی ئەو یانەیەم كردووە، تەمەنی بەهاری خۆم تا ئەم ساتە پێشكەشی هەولێر كردووە، هیچ لاریشم لەوە نییە كە یانەكە لەو قۆناغە بژاردەیەكی لە من باشتری بۆ بەرگریكردن لە هێڵی بەرگری تیپەكە هەبێت، هەر بڕیار و گۆڕانكارییەكیش خزمەت بە هەولێرەكەم بكات من قبوڵی دەكەم، بەڵام لێرەوە ئەو ڕێزلێنانەی ئێوە لەژێر فشاری هاندەران ڕەتدەكەمەوە و پێشوازی لەو نامە شەرمنانەتان ناكەم لە نامەی تایبەت لە سۆشیاڵ میدیا بۆتان ناردم، بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەك بۆ داهاتوو جارێكی دیكە هیچ یاریزانێك بەم كاڵفامییە بەڕێنەكەن، هەولێر گەورە دەبێت بە گەورەیی و پیشەگەری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت’.

هەولێر لە مێرکاتۆی هاوینە زیاتر لە 15 یاریزانی بەڕێکردووە و یانەکەی قەڵاومنارە لەژێر سەرپەرشتی سەمیر بابۆ راهێنەری یانەکە دەیەوێت خۆی بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە بکات، کە وەرزی رابردوو یانەکە لە لێواری دابەزیندا بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button