ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

تەواو؛ مانچێستەر یونایتد یاریزانێکی 50 ملیۆن یۆرۆیی گواستەوە

دەبێتە پێنجەم گواستنەوەی هاوینەی شەیتانە سوورەکان

Yariga App

یاریگا –

مانوێل ئوگارتێ، یاریزانی ئوروگوایی ئەمڕۆ بۆ پشکنینی پزیشکی گەشتی مانچێستەر دەکات.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ئوگارتێ بگاتە مانچێستەر و دواتر پشکنینی پزیشکی بکات، لە ئەگەری تێپەڕاندنی پشکنینەکان، گرێبەستێک بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ + 10 ملیۆن یۆرۆی زیادەی پەیوەست بە نازناوەکان لەگەڵ شەیتانە سوورەکان واژۆ دەکات.

پاریس سانجێرمان ئامادەنەبوو بە کەمتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئوگارتێ ببێت، 10 ملیۆن یۆرۆیەکەی دیکەش، پەیوەستە بە ئاستی یاریزانەکە لە ئۆڵدترافۆرد.

دوا بە دوای نزیکبوونەوەی سکۆت ماکتۆمینای لە ناپۆلی و دەستکەوتنی 30 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەکە، دەستبەجێ لە گواستنەوەی ئوگارتێ خەرج دەکرێت.

مان یوانیتد دەمێکە لە نزیکەوە چاودێری ئوگارتێ دەکات، بەڵام بەرزی بەهاکەی رێگربوو لە تەواوکردنی گرێبەستەکە. پاریس لە هاوینی رابردوودا بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ، یاریزانەکەی لە سپۆرتینگ لیسبۆن گواستەوە.

ئوگارتێ بەشداری لە 37 یاریی وەرزی رابردووی تیمەکەی لویس ئێنریکێدا کرد، نازناوەکانی لیگ وەن، جامی فەرەنسا و جامی سوپەری بەدەستهێنا.

سەرەڕای کەمی بەشدارییەکانی وەک یاریزانی سەرەکی، بەڵام لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو، وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری لە پێنج یاریدا کرد.

ئوگارتێ سەرەتای کاروانی وەرزشی لەگەڵ فێنیکسی ئوروگوایی دەستپێکرد، لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2020 پەیوەندی بە فامالیکاوی پۆرتوگالییەوە کرد و ساڵێک دواتر، بووە یاریزانی سپۆڕتینگ لیسبۆن.

یاریزانە ئوروگواییەکە دەبێتە پێنجەم گواستنەوەی ئەم هاوینەی مانچێستەر یونایتد لە دوای هەریەکە لە؛ جۆشوا زیرکزی، لێنی یۆرۆ، ماتیاس دی لیخت و نوسەیر مەزراوی.

یەکشەممەی داهاتوو مانچێستەر یونایتد لە ئۆڵدترافۆرد میوانداری لیڤەرپوول دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button