بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

تایبەت بە یاریگا؛ دهۆک لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی خولی سویدی نزیکبووەتەوە

Yariga App

یاریگا –

دهۆک لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی خولی سویدی نزیکبووەتەوە و لەسەر داوای راهێنەری یانەکە، دهۆک دەیەوێت ناوەڕاستکارێکی ئۆرێبرۆی سویدی بگوازێتەوە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، دهۆک دەیەوێت پیتەر گۆرگیس ناوەڕاستکاری 23 ساڵانی یانەی ئۆرێبرۆی سویدی بگوازێتەوە ریزەکانی، هەڵۆیەکانی چیا لە گفتوگۆیەکانیان هەنگاوی زۆریان بڕیوە و ئەو یاریزانە سویدییە بەشداریی دوایین یاریی یانەکەی نەکرد.

مەسعود مەڕال راهێنەری نوێی دهۆک کە پێشتر لە خولی سویدی کاری کردووە، پێداگیری لەسەر گواستنەوەی گۆرگیس کردووە، کە موڵکی یانەی مالمۆیە و بە خواستن لە ریزی یانەی ئۆرێبرۆ یاریی دەکات.

دوێنێ سێشەممە (20ـی ئاب/ئۆگەستی 2024) پیتەر گۆرگیس بەشداریی یاریی ئۆرێبرۆی بەرامبەر سۆلێنتونا یونایتد لە جامی سوید نەکرد، دوای یارییەکە کریستیان گاردلەر راهێنەری ئۆرێبرۆی لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان دانی بەوەدانا گۆرگیس لە رۆیشتنی لە یانەکەیان نزیک بووەتەوە، بۆیە لەو یارییە ئامادە نەبوو.

رۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدی دووپاتیکردووەتەوە، پیتەر گۆرگیس لە چوونی بۆ دهۆک نزیکە و لەوانەیە هەفتەی داهاتوو یانەی دهۆک گرێبەستی یاریزانە سویدییەکە رابگەیەنێت.

گۆرگیس (4ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2000 لە ئوستڕاڵیا لەدایکبووە و لە هەڵبژاردەی ژێر 20 ساڵانی سوید چوار یاریی و گۆڵێکی کردووە، پێشتر لە ریزی یانەکانی دیگێرفۆرس و مالمۆی سویدی و برایتنی ئینگلیزی یاریی کردووە، لە بۆرسەی یاریزانان ئێستا نرخەکەی 225 هەزار یۆرۆیە.

دهۆک لەم هاوینە دوو یاریزانی دیکەی لە خولی سویدی گواستووەتەوە و گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە سومەر ماجد و پاشەنگ عەبدوڵا کرد، کە بە رەسەن عێراقین و رەگەزنامەی سویدیان هەیە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button