بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

تایبەت بە یاریگا؛ بەمزووانە یانەی هەولێر سێ ئەستێرە دەگوازێتەوە ریزەکانی

گرێبەستی سێ ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق رادەگەیەنێت

Yariga App

یاریگا –

بەمزووانە یانەی هەولێر سێ ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق دەگوازێتەوە ریزەکانی، یانەکەی قەڵاومنارە لەسەر گواستنەوەی یاریزانان بەردەوامە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئەمڕۆ یانەی هەولێر بەفەرمی گواستنەوەی هەریەکە لە عەلی حوسنی ناوەراستکاری شوڕتە، محەمەد مەزهەر ناوەڕاستکاری شوڕتە و ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری ڤیزێلای پۆرتوگاڵی رادەگەیەنێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، هەولێر لەگەڵ عەلی حوسنی ناوەڕاستکاری 30 ساڵانی شوڕتە گەیشتووەتە رێککەوتووە، کە ئەو یاریزانە عێراقییە وەرزی رابردوو لە شوڕتە یاریی دەکرد و پێشتریش درێسی یانەکانی قوە جەوییە، عەرەبی کوەیتی و مینای پۆشیوە، بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی 26 یاریی نێودەوڵەتییە و 3 گۆڵی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین کردووە.

ئەمڕۆ یانەی هەولێر گرێبەستی سێ ئەستێرە رادەگەیەنێت
ئەمڕۆ یانەی هەولێر گرێبەستی سێ ئەستێرە رادەگەیەنێت

محەمەد مەزهەر ناوەڕاستکاری 26 ساڵانی شوڕتە یەکێکی دیکە دەبێت لە یاریزانە نوێیەکانی یانەکەی قەڵاومنارە، ئەو ناوەڕاستکارە کە جگە لە شوڕتە درێسی یانەکانی نەجەف و نەفتی میسانیشی پۆشیوە، بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی 2 یاریی نێودەوڵەتییە.

ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری بەناوبانگی کورد کە وەرزی رابردوو لە خولی نایابی پۆرتوگاڵ درێسی ڤیزێلای دەپۆشی، یەکێکی دیکە دەبێت لە بۆمبەکانی ئەم هاوینەی زەردپۆشەکانی پایتەخت، ئەو ناوەڕاستکارەی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ هەولێر گەیشتووەتە رێککەوتن و لە چەند کاتژمێری داهاتوو گرێبەستەکەی رادەگەیەنرێت.

ئوسامە رەشید (32 ساڵان) کە بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت لە بۆرسەی یاریزاناندا نرخەکەی 200 هەزار دۆلارە، لە لاوانی یانەی فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی دەستی بە یاریی کردووە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی سانتا کلارای پۆرتوگاڵی، خورفەکانی ئیماراتی، غازی عەنتابی تورکی و ئێکسێلسیۆری هۆڵەندی کردووە و لەوەتەی ساڵی 2011 لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات و لە 35 یاریی نێودەوڵەتی دوو گۆڵی کردووە.

ئوسامە رەشید 17ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 1992 لە کەرکووک لە ماڵباتێکی کورد لەدایکبووە و جگە لە هەڵبژاردەی عێراق، لەسەر ئاستی تەمەنە جیاوازەکاندا لە ریزی هەڵبژاردەی ژێر 19 ساڵانی هۆڵەنداش یاریی کردووە.

هەولێر رۆژی شەممە لە یاریگای فڕانسۆ هەریری دەستی بە مەشق و راهێنانەکانی کرد، چاوەڕێ دەکرێت دوای گەیشتنی یاریزانە نوێیەکانی یانەکە، تیپەکەی سەمیر بابۆ لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کەمپێکی مەشق و راهێنان بۆ خۆئامادەکردن بۆ وەرزی داهاتوو بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button