پاریس بژاردەی دووەم دەخاتە بەردەست مانچێستەر یونایتد
شەیتانە سوورەکان دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە
یاریگا –
پاریس سانجێرمان ئامادەیە بەشێوەی خواستن مانوێل یوگارتێ بە مانچێستەر یونایتد بدات.
لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵ مانچێستەر یونایتد بەردەوام هەوڵی بۆ گواستنەوەی مانوێل یوگارتێ ئۆرۆگوایی داوە، بەڵام لەگەڵ پارس سانجێرمان لەسەر نرخی یاریزانەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، پاریسییەکان داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکەن و مانچێستەریش ئامادەیە 50 ملیۆنیان پێشکەش بکات.
ماڵپەڕی تەلەگراف بڵاویکردووەتەوە، سانجێرمان بژاردەی دووەم دەخاتە بەردەم شەیتانە سوورەکان، ئامادەیە بەشێوەی خواستن و بۆ وەرزێک دەستبەرداری یوگارتێ ببێت، ئەمەش هیوای یانە ئینگلیزییەکە بەزیندووی دەهێڵێتەوە.
بەڵام مانچێستەر هێشتا دەیەوێت بەگرێبەستێکی هەمیشەیی یاریزانەکە بەدەستبهێنێت، خودی مانوێل ئارەزوودەکات پەیوەندی بە تیپەکەی تێن هاخ بکات، گفتوگۆی نێوان هەردوو یانە بەردەوامن، بەڵام دەپێت هەنگاوەکان خێراتر بکرێن چونکە تەنیا یەک هەفتە بۆ داخرانی دەرگای مێرکاتۆی هاوینە ماوە.
پاریس هاوینی رابردوو بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکەی لە سپۆرتینگەوە گواستەوە، لەم هاوینەش بەبڕی 59.92 ملیۆن یۆرۆ جۆواو نێڤێشی لە بێنفیکاوە گواستەوە، دەیەوێت بەهەمان نرخی خۆی دەستبەرداری مانوێل ببێت و تێچووی گواستنەوەی نێڤێشیشی بۆ بگەڕێتەوە.
لەلایەکی دیکە یانەکە بەدەست قەرزەکانی کیلیان ئێمباپێ دەناڵێنێت، ئەستێرە فەرەنسییەکە لەم هاوینە بەبێبەرامبەر یانەکەی جێهێشت، بەڵام سکاڵای یاسایی لەسەر یانەکە تۆمارکردووە، چونکە دوو مووچەیان بە یاریزانەکە نەداوە، جیا لەوەش کیلیان پاریس بەوە تۆمەتبار دەکات دەیان ملیۆن یۆرۆی دیکەیان پێی نەداوە، کە دەبوو وەک پاداشتی دڵسۆزی پێیبدەن.
بەڵام یانە فەرەنسییەکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت کیلیان بەڵێنیداوە دەستبەرداری بەشێک لە پاداشتی دڵسۆزی ببێت تاوەکو رێگەی بدەن پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات.