ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

مێرکاتۆی ریال مەدرید؛ کێ دەگوازێتەوە و کام یاریزان دەبێتە شوێنگرەوەی کروس

دوا پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ریال مەدرید

Yariga App

یاریگا –

لە ریال مەدرید کاتێک باسی گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەکەیت، وەڵامەکەیان زۆر روونە، دەرگای بازاڕی گواستنەوە لە مەدرید داخرا.

بەڵام لە دوا لێدوانی کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، گۆڕانکارییەک لە ستراتیجییەتی یانەکە بەدیکرا، کاتێک روونیکردەوە، تاوەکو داخستنی بازاڕی گواستنەوەکان چاوەڕێ دەبن. هەرچەندە لە ریال مەدرید پێشبینی گواستنەوەی هیچ یاریزانێک ناکەن، بەڵام لە بازاڕەکە نەکشاوەتەوە.

ماریۆ مارین، یاریزانی لاوی ریال مەدرید نزیکە بە خواستن پەیوەندی بە ریال ڤایادۆلید بکات. مارتن یەکێکبوو لەو یاریزانە لاوانەی پێشبینی بەشداریکردنیان لە تیمی یەکەمدا دەکرا.

ریال مەدرید بەهێزە و پێویستی بە یاریزانی دیکە نییە؟

مەدرید لە یەکەم یاری وەرزی نوێی لالیگا 1-1 بە ریال مایۆڕکا یەکسانبوو. ریال مەدرید جود بێڵینگهام، کیلیان ئێمباپێ، رۆدریگۆ و ڤینیسیۆس جونیۆری لە هێڵی پێشەوەدا هەیە و بێ کێشەیە، بەڵام کێشەی قووڵی لە هێڵی بەرگری و یاریسازدا هەیە.

دوای ماڵئاوایی تۆنی کروس، ریال مەدرید ناچاربووە شێوازی یاریکردنی لە 4-4-2 بۆ 4-3-3 بگۆڕێت. یاری یەکەمی وەرزیش بە هیچ شێوەیەک بەدڵی کارلۆ نەبوو.

ریال مەدرید پێی وایە دەبێ شوێنگرەوەیەک بۆ تۆنی دابندرێت، بەڵام باش لەوە تێگەیشتوون هیچ یاریزانێک ئێستا لە بازاڕەکاندا نییە، تاوەکو شوێنی کروس پڕبکاتەوە، بۆیە کارلۆ دەیەوێت شێوازێکی نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کروس دابڕێژێت.

ریال مەدرید چاودێری کێ دەکات؟

هەرچەندە ریال مەدرید لە مێرکاتۆی یاریزاناندا چالاک نییە، بەڵام بە چوونە دەرەوەی ئاندری لونین، رەنگە هاوکێشەکە بگۆڕێت.

تیبو کۆرتوا گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدریدە و لونین یەدەکە، بۆیە بە چوونە دەرەوەی لونین، شوێنگرەوەی تیبو نامێنێت. کێپا ئاریزابالاگا، گۆڵپارێزی ئیسپانی و چێڵسی، یەکێکە لە بژاردەکان، تایبەت دوای بەسەربردنی وەرزی رابردوو بە خواستن لەگەڵ ریال مەدرید و دوورکەوتنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی ئێنزۆ مارێسکا لە چێڵسی.

ریال مەدرید تەنیا ئامادەیە ئالفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری کەنەدی بگوازێتەوە، بەڵام چاوەڕێی بایرن میونشنە داواکارییەکانی دارایی کەمبکاتەوە.

گرێبەستی دەیڤز لە هاوینی داهاتوو لە میونشن بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا رازینەبووە گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی نەبوونی بژاردەی باش لە بەرگریکاری چەپ، ریال مەدرید دەیەوێت بەخێرایی گرێبەستی فێرلاند مێندی نوێبکاتەوە، چونکە تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی ماوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، مەدرید گرێبەستی مێندی تاوەکو هاوینی 2027 نوێدەکاتەوە. بە هەمان شێوەی گرێبەستی دانی کارڤاخالیش نوێدەکرێتەوە.

کام یاریزان ریال مەدرید جێدەهێڵێت؟

جیا لە ماریۆ مارین، ریال مەدرید پێشبینی چوونە دەرەوەی نیکۆ پاز دەکات، تەنانەت بەڕێوەبەری کارەکانی خەریکە لەگەڵ چەند یانەیەک گفتوگۆ دەکات.

هاوشێوەی چوونە دەرەوەی زۆربەی یاریزانانی لاوی دیکەی ریال مەدرید، یانەکەی پایتەخت سەرەتا دەیەوێت یاریزانانی لاو بە خواستن بداتە یانەکانی دیکە و پاشان گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکە بۆ هەمیشەیی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button