یاریگا –
محەمەد دەعیەع گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هیلال و هەڵبژاردەی سعوودیە دوای یاریی کۆتایی جامی سووپەری سعوودیە رەخنەی توندی للر کسیتاینۆ رۆناڵدۆ گرت و گوتی پێویستە بزانێت ‘یانەی نەسڕ لەو گەورەترە’.
محەمەد دەعیەع گۆڵپارێزی پێشووی سعوودی کە ئێستا لە کەناڵەکانی سعوودیە شرۆڤەکارە، لە ستۆدیۆی شرۆڤەکردنی یاریی کۆتایی جامی سوپەر رەخنەی لە هەڵسوکەوتەکانی دۆن گرت، کریستیانۆ دوای تەواوبوونی یارییەکە کە 4-1 تووشی شکست بوون، ئامادە نەبوو بچێتە سەر ستەیج و مێداڵیای پلەی دووەم وەربگرێت.
دەعیەع لەبارەی هەڵسوکەوتەکەی دۆن گوتی :’یانەی نەسڕ لە هەر یاریزانێک گەورەترە، تەنانەت ئەگەر ئەو یاریزانە پێنج جاریش بوو بێت باشترین یاریزانی جیهان، دامەزراوەکە لە هەموو شتێک گرنگترە، ئەوەی رۆناڵدۆ کردی بێ ڕێزی بوو بەرامبەر یانەکە’.
هەروەها گوتیشی :’پێویستە سەرکردە لەکاتی دۆڕان و بردنەوە نموونەیەکی باڵا بێت بۆ هاوڕێیەکانی، کەوایە بۆچی کریستیانۆ لەکاتی سەرکەوتنەکان دەردەکەوێت؟ جارێکیان لە کاتێک یاریزان بووم لە جامی شا دۆڕاین و من پێکانم هەبوو، بەڵام یەکەم کەس بووم چوومە سەر ستەیجی خەڵاتەکان، ئێستا رۆناڵدۆ پێکانی نییە و بڕواش ناکەم لە تۆپی پێی سعوودیە گەورەتر بێت’.
دەعیەع گوتیشی :’ئەوەی کریستیانۆ کردی هەڵوێستێکی زۆر ناشرین بوو، نازانم بۆچی لویس کاسترۆ راهێنەری نەسڕ داوای لێنەکرد بگەڕێتەوە و بچێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان، خەریکە کەس ناتوانێت یاسا و رێنماییەکان بەسەر رۆناڵدا بسەپێنێت، حەزی لە چی بێت ئەوە دەکات’.
رۆناڵدۆ لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعوودییەوە کردووە، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ نازناوێک بەدەست بهێنێت، لەکۆی 8 پاڵەوانێتی ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵییە تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی بۆ یانەکە نەبردووەتەوە.