یاریگا –
ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی وەرزشی عێراق بڕیاریدا، دەستەی کارگێڕی لەکارلادراوی یانەی زەوڕا، جارێکی دیکە دەستبەکارببنەوە.
دەستەی لادراو بە سەرۆکایەتی فەلاح حەسەن، جارێکی دیکە دەسەڵاتی نەورەسەکان دەگرنەوە دەست، دوای ئەوەی ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی سەر بە دادگای باڵای فیدڕاڵی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی نوێی یانەکەی دەرکرد.
تۆڕی وەرزشی یاریگا، کۆپییەکی بڕیارەکەی بەدەست گەیشتووە و تیایدا، ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی وەرزشی، بڕیاری لیژنەی ئۆڵێمپی عێراقی بە دوورخستنەوەی دەستەی کارگێڕی کۆن بە سەرۆکایەتی فەلاح حەسەنی هەڵوەشاندووەتەوە.
پێشتر نووسینگەی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵێمپی نیشتمانی عێراقی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی دەرکردبوو و دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی یانەکەی دەستنیشانکردبوو.