عێراقگرنگترین

خێسوس کاساس لە پۆستی راهێنەرایەتی عێراق نامێنێت؟

وردەکاری دوا کۆبوونەوەی نێوان نوێنەری کاساس و نوێنەری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئاشکرا دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

گفتوگۆکانی نێوان خێسوس کاساس و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرە ئیسپانییەکە بەردەوامن.

کاساس داوای بەرزکردنەوەی مووچەکەی کردووە، ئەمەش دوای ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەڕێوەبەری کارەکانی کاساس لەگەڵ نوێنەری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە بەرزکردنەوەی مووچەی کاساس کرد.

کۆبوونەوەکە لە ڕێگەی بەرنامەی زووم بە ئۆنڵاین و بە ئامادەبوونی عەلی عەبدولجەبار، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی و ئەحمەد موسەوی، ئەندامی یەکێتییەکە بۆ ماوەی 10 خولەک بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری کارەکانی کاساس روونیکردەوە، کاساس لەسەر داوای عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئۆفەرەکەی کۆریای باشووری رەتکردەوە، بۆ ئەم هۆیەش نوێنەرەکەی کاساس داوای قەرەبووکردنەوەی کاساسی کرد.

پێگەی سۆمەری نیوز بڵاویکردووەتەوە، درجال بەڵێنی بە کاساس داوە، مووچەکەی بۆ بەرزبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق وەڵامی داواکارییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی نەداوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، کاساس دەیەوێت مووچەکەی بۆ دوو ئەوەندەی ئێستا زیادبکرێت.

کاساس دەڵێت، لەبەر ئەوەی یاریدەدەرێکی دیکەم پێویستە، تاوەکو شوێنی پابلۆ گراندێرز بگرێتەوە، کە بەم دواییە ئەرکی مەشقی یانەی مینای گرتە ئەستۆ.

پێشبینی دەکرێت، بەر لە ئاشکراکردنی لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال، کەیسی کاساس یەکلاییببێتەوە.

هەڵبژاردەی عێڕاق لە 25ی ئەم مانگە، کەمپێکی مەشق و راهێنان بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دەستپێدەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button