ئۆڵێمپیادی پاریسگرنگترین

گەورە براوە و دۆڕاوەکانی مێژووی ئۆڵێمپیاد و ئۆڵێمپیادی پاریس!

Yariga App

یاریگا-وابڕیارە رۆژی 8/11 کە دەکاتە یەکشەممەی داهاتوو سەرجەم یارییەکانی ئۆڵەمپیاد کۆتایی پێبێت.

تەنها شەش رۆژ ماوە ئۆڵەمپیادی فەڕەنسا بگاتە کۆتا وێستگە و هێشتا 137 وڵات لە بەشداربووەکان هیچ مەدالیایەکیان نیە.

بە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەکان تەنها سێ مەدالیایان بردووەتەوە و عێراقیش هیچ بردنەوەیەکی نیە. جەزائیر خاوەنی مەدالیایەکی ئاڵتوونە و ئیمان خەلیفە چانسی بردنەوەی ئاڵتوونێکی دیکەی هەیە بۆ ئەو وڵاتە.

 

هەروەها تونس خاوەنی مەدالیایەکی زیو و مسڕیش بڕۆنزێکی بردووەتەوە. هەرچەندە هێشتا چەند وەرزشکارێکی وڵاتە عەرەبییەکان لە کێبڕکێدان و تا کۆتایی ئۆڵەمپیاد رەنگە ژمارەکان بگۆڕدرێن.

بەشێکی دیکە لەو وڵاتە دیارانەی کە هیچ مەدالیایەکیان نەبردووەتەوە تا ئێستا بریتین لە : ئۆرۆگوای، سەنیگال، مەغریب، ئێران، غانا، کامیرۆن، ئایسلەندا.

هەروەها وڵاتانی وەکو ئیسپانیا، نەرویج و ئەرژەنتین لەم ئۆڵەمپیادە ئاستییان وەکو پێویست نیە و تەنها یەک مەدالیای ئاڵتوونیان هەیە.

 

بەشێوەیەکی گشتی هەموو ئۆڵەمپیادێک کۆمەڵێک وڵاتی دیاریکراو زۆرترین مەدالیاکان دەبەنەوە، بەڵام ئەمە بەدەر نیە لە ئەنجامی دەگمەن

ئەو وڵاتانەی لەم ئۆڵەمپیادە بۆ یەکەمجار مەدالیای ئاڵتوونیان بردەوە

هەردوو وڵاتی سانت لوشیا و دۆمینیکا بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا لە ئۆڵەمپیادی پاریس بوونە خاوەنی مەدالیای ئاڵتوون. دۆمینیکا لە بازی سییانی و سەینت لوشیا لە راکردنی 100 مەتری ئافرەتان.

ناوی گەورە و دێی وێران

بەنگلادیش وڵاتێکە کە خاوەنی 173 ملیۆن دانیشتووانە بەڵام هەرگیز هیچ مەدالیایەکی نەبردووەتەوە. هەروەها بۆلیڤیا لە ساڵی 1936 ـەوە بەشداری ئۆڵەمپیاد دەکات. 22 جار گەشتی  ئۆڵەمپیادی کردووە و 15یان ئۆڵەمپیادی هاوینە بووە بەڵام هەرگیز هیچ مەدالیایەکی نەبردووەتەوە.

Bolivia

هیندستان نموونەیەکی دیکە کە سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا خاوەنی 1.4ملیار دانیشتووانە لە تەواوی مێژووی خۆی تەنها 35 مەدالیای بردووەتەوە، ئەمەش کەمترە لەو مەدالیایانەی ئەمساڵ فەڕەنسا بردوویەتییەوە.

 

بە ریش نیە بە ئیشە!

پێچەوانەی بەنگلادیش و بۆلیڤیا، وڵاتی دیکە هەن کە بە ژمارە بچووکن بەڵام سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێناوە. بۆ نموونە هەنگاریا ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها  10 ملیۆنە بەڵام خاوەنی 521 مەدالیایە لە مێژووی ئۆڵەمپیادەکان و هەشتیان لە ئۆڵەمپیادی پاریسە. هەروەها کوبا پێچەوانەی زۆرینەی وڵاتەکانی دیکەی ئەمریکای باشوور، خاوەنی 235 مەدالیای ئۆڵەمپیە لە کاتێکدا ژمارە دانیشتووانەکەی 11 ملیۆنە.

 

 

ریزبەندی مێژوویی مەدالیای ئۆڵەمپیاد

یارییەکانی ئۆڵەمپیاد لە ساڵی 1896 ـەوە بەڕێوەدەچێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو بەر لە دەستپێکی ئۆڵەمپیادی پاریس، بە جیاوازییەکی زۆر لە پلەی یەکەم دێت بە کۆکردنەوەی بە 2975 مەدالیا.

پلەکانی دیکە بەم جۆرەیە

2- یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو 1204 مەدالیا

3-  ئەڵمانیا 1058 مەدالیا

4- شانشینی بەریتانیا 955 مەدالیا

5- فەڕەنسا 898 مەدالیا

هەرچەندە وڵاتی چین چەند سەدەیەکە رکابەریی ئەمریکا دەکات لەسەر پلەکانی پێشەوە بەڵام بە کۆی گشتی خاوەنی 760 مەدالیایە (بەشێکیان لە ئۆڵەمپیادی پاریس بووە)

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button