یاریگا –
بارسێلۆنا فشارێکی زۆر لە لالیگا دەکات، تاوەکو بیرۆکەی ئەنجامدانی چەند یارییەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیندووبکاتەوە.
بارسێلۆنا لە ئەمریکا ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکات، لەو چەند یارییەی کراون، هاندەرێکی زۆر ئامادەی بوون و ئەمەش پارەیەکی کاشی زۆری بۆ گەنجینەی یانەکە زیادکردووە، بۆیە دەیەوێت چەند یارییەکی لالیگا لە ئەمریکا بکرێن.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا بە هەماهەنگی لەگەڵ لالیگا، کار لەسەر بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکە دەکەن، دوای ئەوەی پڕۆژەکە لە ساڵی 2019 شکستیهێنا.
لە 11ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2018، لالیگا رایگەیاند، یاریی گەڕی 21ی وەرزی 2018/2019 لە نێوان بارسێلۆنا و جیڕۆنا لە یاریگای هارد رۆک لە ویلایەتی مەیامی دەکرێت، هەردوو یانەکە پاڵپشتی بیرۆکەکەیان کرد و چەند یەکێتیی و کۆمەڵەیەکی وەک ‘یەکێتی هاندەرانی یەکگرتوو’ و ‘کۆمەڵەی ئیسپانیا بۆ وەرزش’ هانی بیرۆکەکەیاندا، بەڵام بەهۆی دژایەتی لیژنەی یاریزانانی ئیسپانیا و یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکە، بیرۆکەکە جێبەجێ نەکرا.
رۆژنامەکە نووسیویەتی
ئێستا هاوشێوەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا نییە، سەرۆکی کۆمەڵەی خولی ئیسپانیا بە ئاشکرا باسی لە بیرۆکەکە کردووە، هەرچەندە ئەستەمە لەم وەرزەدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام هەموو هەوڵێک بۆ سەرگرتنی بیرۆکەکە لە وەرزی 2025/2026 دەدرێت. لەلایەکی دیکەوە فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا’ خوێندنەوە بۆ ئەمجۆرە هەوڵە دەکات.
لە کۆتاییدا، پێویستە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رەزامەندی لەسەر بیرۆکەکە بدات، چونکە بەگوێرەی رێساکانی فیفا، دەبێ دامەزراوەی بەرپرسی وڵاتەکە، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەمجۆرە پڕۆژانە بدات.