ئه‌ڵمانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دوایین پلانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئالفۆنسۆ دەیڤز ئاشکرا دەبێت

بە سیاسەتە هەمیشەییەکەیان بایرن میونشن ناچار دەکەن

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید دوایین هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئالفۆنسۆ دەیڤزی کەنەدی و ئەستێرەی بایرن میونشن دەدات.

ماڵپەڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستیانکەوتووە، لە کۆتایی ئەم مانگە ریال مەدرید جارێکی دیکە هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئالفۆنسۆ دەیڤزی بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕە ئیسپانییەکە، ریال مەدرید لە کۆتا رۆژەکانی مێرکاتۆی هاوینە ئۆفەرێک بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەش دەکات تاوەکو باڤارییەکان کاتیان زۆر نەبێت و بەخێرایی بڕیار لەسەر دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە یاخود هێشتنەوەی بدەن.

بەڵام ئەگەر دەستبەرداری نەبن ئەوا گرێبەستی دەیڤز لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت و دەتوانێت بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت.

مێرێنگی لەگەڵ چەندین یاریزان ئەو سیاسەتەی پەیڕەوکردووە، لەگەڵ یاریزانانی وەک ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئۆرێلیەن چوامێنی و بێڵینگهام سەرکەوتوو بووە، بەڵام مەرج نییە هەمیشە سیاسەتێکی سەرکەوتوو بێت، بەوپێیەی هەر لەم مانگە بەهۆی پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە لێنی یۆرۆی فەرەنسی لە بەرژەوەندی مانچێستەر یونایتد لەدەستدا.

بۆیە ئەگەر ئۆفەری ئەمجارەی ریال مەدرید بەدڵی ئەڵمانییەکان نەبێت، بەدوورنازاندرێت بڕیاری هێشتنەوەی بدەن و دواتریش هەوڵ بۆ رازیکردنی بە مانەوەی و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بدەن.

هەرچەندە کارلۆ ئانچێلۆتی بەفەرمی ئاشکرایکردووە لەم مێرکاتۆیە هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازنەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ریلێڤۆ، یانەکە هێشتا دەرگای بەڕووی گواستنەوەی ئالفۆنسۆ دانەخستووە و کۆتا رۆژەکانی مانگی ئاب یەکلاکەرەوە دەبن.

بابەتی زیاتر

Back to top button