ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

تەواو؛ کۆنۆر گالاگێر پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات

Yariga App

یاریگا –

کۆنۆر گالاگێری ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات.

رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاویکردووەتەوە، کۆنۆر گالاگێر رووناکی سەوزی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەڵکردووە و پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکە دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆمانۆ، گرێبەستەکەی گالاگێری لەگەڵ رۆخی بلانکۆس بۆ ماوەی پێنج وەرز دەبێت و تا هاوینی 2029 یاریی بۆ یانە مەدریدییەکە دەکات. لە بەرامبەر گواستنەوەی یاریزانەکە ئاتلێتیکۆ بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بە چێڵسی دەدات و بەمەش دەبێت بە گرانبەهاترین گرێبەستی لالیگا لەم هاوینە.

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، دوو یانەی پرێمەرلیگ هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەیان داوە، بەڵام کۆنۆر تەنیا هەڵسەنگاندنی لەنێوان دوو بژاردە کردووە، بژاردەی یەکەم نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی بوو بۆ دوو وەرزی دیکە، بژاردەی دووەمیش پەیوەندیکردن بوو بە تیپەکەی سیمیۆنی، یاریزانەکە بژاردەی دووەمی هەڵبژارد.

چێڵسی ناچارە دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت، تاوەکو لەگەڵ رێساکانی یاریی خاوێن هاوتەریب بێت و جیا لەمەش، گرێبەستی کالاگێر لە هاوینی ساڵی 2025 بەسەر دەچێت و چێڵسی نایەوێت بەخۆڕایی دەستبەرداری ببێت.

یاریزانی 24 ساڵان بەرهەمی ئەکادیمیای چێڵسییە و تاوەکو ئێستا 95 یاری کردووە و خاوەنی 10 گۆڵە. کالاگێر 13 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کردووە و بانگهێشتی یۆرۆی 2024 کرابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button